گەڕەکێکی رواندز ناڕازین
“ئەگەر حکومەت بابی میلەتە با بەهانامانەوە بێت”
964+
ئاکام غەفور – سۆران
دانیشتووانی گەڕەکی بانەزێوک لە قەزای رواندز گردبوونەوە، داوای قیرتاوکردنی گەڕەک و کۆڵانەکانیان دەکەن، وەک ئەوەی خۆیان باسی دەکەن حکومەت هیج خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکردوون.
ئەوان دەڵێن، چەند جارێک چوونەتە لای لایەنە پەیوەندی دارەکان و هەر بەڵێنیان پێ دراوە و نەبووە بە کردار.
ئەمرۆ پێنجشەممە 9.10.2025، سەربەست ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکەکەیە و بە 964ی وت، زێرابی کۆڵان و کارەبا و ستوونی کارەبا و چەو رێژکردنی رێگاکەمان لەسەر ئەستۆی خۆمان کردووە، حکومەت هیچی بۆ نەکردووین، ئێستا تەنیا داوای قیرتاوکردنی کۆڵانەکان دەکەین و ئەویشمان بۆ ناکەن.
هەینی ئەبوبەکر، هاوڵاتیەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و بە پەیامنێری 964ی وت، چەندین جار لە دەرگای لایەنی پەیوەندیدارمان داوە کەس بە دەنگمانەوە نەهاتووە، ئەگەر حکومەت بابی میلەتە با بەهانامانەوە بێت رێگاوبانمان بۆ چاک بکات.
لەسەر داواکاری ئەو هاوڵاتییانە، ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز بە 964ـی وت، ئەو گەڕەکە دەرخستەی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی بۆ کراوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە، لە داهاتوو تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا