"نزیکەی 10 غەسالە داخراون و چەند خاوەن غەسلێکیش دەستگیر کراون"
ژمارەیەک لە خاوەن غەسالەکانی چەو و لم لەبەردەم دادگای رانیە گردبوونەوە
964+
محەمەد عەلی ـ ڕاپەڕین
نزیکەی 10 غەسالەی چەو و لم لە سنووری حاجیاوای سەربە ئیدارەی راپەڕین لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەکی دەڤەرەکە داخراون و چەند خاوەن غەسالەیەکیش دەستگیر کراون، ئەمڕۆ بەشێک لە خاوەن غەسالەکان چوونە بەردەم دادگای رانیە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
مستەفا عزیز یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “10 رۆژ دەبێت، هاوڵاتییەکی دانیشتووی رانیە بە تۆمەتی زیادەڕۆیی سكاڵای لەسەر چەند کەسێکمان تۆمار کردووە و دەڵێت، ئەو زەویانەی ئێمە کاریان تێدا دەکەین، کڕیویەتی و بە هی خۆی دەزانێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەبڕیاری دادگای رانیە نزیکەی 10 غەسالە لەو سنوورە داخراون و سێ خاوەن غەسالەش دەستگیر کراون، بۆیە ئەمڕۆ چوونەتە بەردەم دادگای رانیە بۆ ئەوەی کێشەکەیان بۆ یەکلایی بکاتەوە.
بەقسەی مستەفا عەزیز، لە ساڵی 2000ـەوە لەو شوێنە کار دەکەن و 70 پڕۆژەی دروستکردنی بلوکیشی لێیە کە هەموویان پشتیان بەو غەسالانە بەستووە کە زیاتر لە 20 غەسالە دەبن، ئەگەر دابخرێن، هەموو پڕۆژەکانی دروستکردنی بلۆکیش بێکار دەبن.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە حەسەن زرار سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە، ئەو وتی، “دۆسیەکە لە دادگایە و ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەو پرسە نییە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری