دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
چاویان لە گەشتیارە
بەغدا بۆ میوانداریکردنی پێشانگای “ئێکپۆ گاردن”ی 2029 هەڵبژێردرا
964+
ئەحمەد مستەفا
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەغدا بۆ میوانداریکردنی پێشانگای ئێکپۆ گاردن 2029 هەڵبژێردر، وڵاتە چاوی لەوەیە ملیۆنان گەشتیار رابکێشێ.
پێشانگاکە دووەم گەورەترین چالاکی جیهانییە لە دوای جامی جیهانی، و چەندین چالاکی ژینگەیی و کات بەسەربردن و کلتووری لەخۆدەگرێت کە شارستانیەت و مێژووی عێراق نیشان دەدات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەنراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، لە هەنگاوێکی گرنگدا کە پێگەی عێراق دووپات دەکاتەوە، پایتەختی بەغدا بۆ میوانداریکردنی پێشانگای ئێکپۆ گاردن 2029 هەڵبژێردرا”.
روونیشی کردەوە کە “رێکخەرانی پێشانگاکە پێشنیارەکانیان لە کۆنفرانسی ساڵانەی 77ی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی باخداری (AIPH) پێشکەش کرد، کە لە شاری گێنتی بەلژیکا بەڕێوەچوو، و بە فەرمی دەنگدرا و راگەیەندرا کە شاری بەغدا میوانداری پێشانگا نێودەوڵەتییەکە دەکات.
نوسینگەی راگەیاندن دەشڵێ، رێکخستنی پێشانگاکە لە بەغدا گەشەپێدانی بەردەوام لە سێکتەرە جیاوازەکاندا بەدی دەهێنێت، لەوانەش جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆنفرانسی کەشوهەوا، لە رێگەی بەشداریکردن لە باشترکردنی دۆخی ژینگە، و بەرزکردنەوەی ئاستی عێراق لە پۆلێنە جیهانییەکاندا کە پەیوەندییان بە گەشتوگوزار و سەقامگیری و ئاسایشەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی کە چالاکییەکە ملیۆنان گەشتیاری بیانی رادەکێشێت.