کێشەیان بۆ دروست بووە
لەشارەزوور کارتی موچەکەت بانکی جیهان نەبێت ناتوانی یەکەم موچە وەربگری
964+
بڕوا مەجید- شارەزوور
زیاتر لە شەش مانگە ئامێری ATMـى بانکی جیهان لە شارەزوور دانراوە، بەڵام ئەو مووچەخۆرانەی کارتی بانکی دیکەیان هەیە ناتوانن سوودی لێوەربگرن و بۆ وەرگرتنی یەکەم مووچەی “هەژماری من”، دەبێت سەردانی سلێمانی بکەن.
بەشێک لە مووچەخۆرانی شارۆچکەکە مووچەکانیان خراوەتە سەر “هەژماری من” و دەبێت لەڕێگەی ئامێرەکانەوە وەریبگرن، بەڵام ئەوانەی کارتی مووچەکەیان لە بانکێکی ترە جگە لە بانکی جیهان، ناتوانن یەکەم مووچەیان لە ئامێرەکەی شارەزوور رابکێشن.
ئەمیر لەتیف، بەڕێوەبەری بانکی شارەزوور، بە 964ی وت: “لە بانکی شارەزوور زیاتر لە سێ هەزار و 500 مووچەخۆرمان هەیە، کە بریتین لە خانەنشینی شارستانی، کەسوکاری شەهیدان، خاوەن پێداویستی تایبەت، خانەنشینی پێشمەرگە، وەزارەتی پەروەردە و خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان، بەڵام بەشێک لەم مووچەخۆرانە مووچەکانیان خراوەتە سەر ئامێرەکانی ATM و دەبێت لەمەودوا لەوێوە مووچە وەربگرن”.
روونیشى کردەوە، مووچەخۆران لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی ‘هەژماری من’ جۆری بانکەکەیان هەڵبژاردووە، ئەو ئامێری ATMـەی لەبەردەم بانکی شارەزوور دانراوە، هی بانکی جیهانە، بۆیە ئەو کەسانەی جۆری کارتەکەیان هی بانکێکی ترە، دەبێت بۆ یەکەمجار سەردانی لقی سەرەکیی بانکەکەی خۆیان بکەن تا کارتەکانیان چالاک بکەن و دواتر بتوانن لە هەموو ئامێرەکان، بە ئامێرەکەی شارەزووریشەوە، مووچە وەربگرن.
هونەر کەریم، یەکێک لە مووچەخۆرانی شارەزوور، بە 964ـى وت: “یەکەم مانگە مووچەکەم چووەتە سەر ‘هەژماری من’ و بە نامە ئاگادارکرامەوە کە لەڕێگەی ئامێری ATMەوە وەریبگرم، بەڵام ئێستا ناتوانم هیچ بڕە پارەیەک رابکێشم، چونکە جۆری کارتی بانکەکەم جیاوازە و ئامێرەکە هی بانکی جیهانە”.
“ئێمە سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، بۆ وەرگرتنی مووچەی یەک مانگیش دەبێت بچینە سلێمانی، بەشێک لەو پارەیەی وەریدەگرین، دەبێت لە رێگەی هاتووچۆدا خەرجی بکەینەوە،” هونەر کەریم وای وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح