حەوت سەعات لە ژووری نەشتەرگەری مایەوە
لە مامۆستاکەی خۆش بوو
964+
فەهمی نەبی
لە رووداوێکی دەگمەندا مامۆستایەک بە ئۆتۆمبێل خۆی دەکێشێت بە قوتابیەکەی و هەموو گیانی دەشێلێت، بەڵام دوای حەوت کاتژمێر مانەوە لە ژووری نەشتەرگەری و بە ئاگا هاتنەوەی یەکەم قسە کە کردی لێخۆشبوون بوو لە مامۆستاکەی.
ئەحمەد رەشید، تەمەن 14 ساڵان و قوتابی هەشتی بنەڕەتی، ویستوویەتی بە ماتۆڕسکیلەکەی بچێتە کاری ئالیکداری لە کێڵگەی بەخێوکردنی مانگاکانیان لەدەرەوەی قەزای حاجیاوا.
ئاوارە حەمید، خاڵی ئەو قوتابیەیە بۆ تۆڕی964 قسەیکردووە و دەڵێت: ئەحمەد بۆ ماوەی حەوت سەعات لەژێر نەشتەرگەری بووە، رووداوەکە زۆر قورس بوو، لەبەر ئەوەی باوکی ئەو منداڵە شێرپەنجەی مێشکی هەیە ناتوانێت کار بکات، ئەو منداڵە کاروباری ماڵ بەڕێوەدەبات.
بە قسەی ئاوارە، رووداوەکە لەسەر شەقامێکی گشتی بووە لەوکاتەی مامۆستاکەی بە ئۆتۆمبێل خۆی پێداکێشاوە.
ئەو مامۆستایەی بە ئۆتومبێلەکەی خۆی بە ئەحمەد کێشاوە، یەکەم ساڵە لە قوتابخانە وانەی پێدەڵێتەوە.
لەم گرتە ڤیدیۆیەدا کە دوای نەشتەرگەرییەکە تۆمارکراوە، ئەحمەد بەنجی نەشتەرگەرییەکە بەریدەدات و لە یەکەم قسەکردنیدا دەڵێت “قبوڵم نییە مامۆستاکەم یەک چرکەش بگیرێت”.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە 26.2.2023 لە قەزای حاجیاوای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین روویداوە.