ئەمشەو بانگەشە دەستپێدەکات

بڵاوکردنەوەی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆڕنیش و شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ قەدەغەیە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

هەڵواسینی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە دیواری مزگەوت، قوتابخانە، زانکۆ و هەروەها بڵاوکردنەوەیان لە کۆڕنیش و شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ قەدەغە کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.10.2025 نوێنەری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی زاخۆ کۆبووەوە و رێنمایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێدان.

بەپێ رێنماییەکانی کۆمسیۆن بێت، هەڵواسینی پۆستەر و فلێکسی کاندیدەکان لە دیواری مزگەوت و قوتابخانە و زانکۆ و تەواوی کۆرنیش و شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ قەدەغەیە و ئەوەی سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت.

شڤان عەبدولغەنی نوێنەری کۆمسیۆن لە ئیدارەی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئەمشەو بانگەشە دەستپێدەکات و لیست و کاندیدەکان دەست بە بانگەشەی خویان دەکەن، هەر لیست و کاندیدێک سەرپێچی بکات، یەکەمجار ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەرپێچییەکانیان لابدەن، دووەم جار پۆستەرەکانیان فڕێدەدرێن و سزای مادیش دەدرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسنوری زاخۆ 160 هەزار دەنگدەر لە 65 بنکە بەشداری دەنگدان دەکەن، ئێستا تیمەکانیان سەرقاڵی ئامادەکردنی بنکەکانن و لەچەند روژی داهاتوودا ئامادەکارییەکان تەواو دەبن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری