کرێ زۆرە و خانووش کەمە
دەستکەوتنی خانووی کرێ لە کەلار زەحمەت بووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی گەرمیان باس لەوە دەکات، کەلار شارێکی بازرگانییە و خەڵکی زۆر رووی تێدەکەن بە تایبەت لە شارەکانی عێراق، ئەمەش وایکردووە خانووی کرێ بەزەحمەت دەستبکەوێت و ئەوەشی ھەبێت نرخەکەی زۆرە.
یەکەش بۆ کرێنشینان دروست دەکرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1.10.2025، سەیوان کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی گەرمیان بە 964ى وت، لە سەنتەری قەزای کەلار خانوی کرێ زۆر بەزەحمەت دەستدەکەوێت، ئەوەشی دەستدەکەوێت نرخەکەی بەرزە بۆ کرێنشینی و توانای داراییان گونجاو نییە.
نرخی خانوویەکی 100 مەتری لە نزیک سەنتەری شار بە 200 ھەزار دینارە ئەگەر دەستیش بکەوێت، بەڵام لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بەھۆی دووریان لەناو شارەوە خانوویەکی 200 مەتری بەھەمان نرخ دەستدەکەوێت، سەیوان کەریم وای وت.
لەبارەی ئەوەی بریاربوو پرۆژەیەکی نیشتەجێبون لە گەرمیان دروستبکرێت بۆ کەسانی کرێنشین، سەیوان کەریم دەڵی، ھەموو رێکارەکانی تەواو بووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە کارکردن، پرۆژەکەش بەجۆرێکە 900 یەکەی نیشتەجێبونی دەکەوێتە کەلار، لە کفری 270 و لە رزگاریش 340 یەکەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا