باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق - وێنە: ئاژانسەکان
"هاوکاری سنووردار نەکرێ"
عێراق پاڵپشتی بڕیارەکەی ترەمپە بۆ دۆخی غەزە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەكات بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەزە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە 964 بینیویەتی، باسی لەوە کردووە کە پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە دەكات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەستیپێكردووە، كە ئامانجی كۆتاییهێنانە بە شەڕ لە غەزە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی ئەو پێشنیازانەی كردووە كە پەیوەندییان بە وەستاندنی شەڕ و ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەزە و رێگریكردن لە ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین هەیە، هەروەها جەختیكردەوە، لكاندنی كەرتی رۆژئاوا رێگەپێدراو نابێت.
وەزارەتەكە هیوای خواستووە ئەم پێشنیازانە یارمەتیدەر بن بۆ كۆتاییهێنان بە ئازارەكانی گەلی فەڵەستین لە كەرتی غەزە، و دڵنیابوون لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی پێویست بۆ فەڵەستینییەكانی كەرتی غەزە بەبێ سنوورداركردن و رێگریكردن لە هەر هەوڵێك بۆ ئاوارەبوونیان.
دوای کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی نێوان نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسیان ئەو پلانە کرد، کە ئەمریکا خستوویەتییەڕوو بۆ ئاشتی لە غەزە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر حەماس رێککەوتنەکە قبوڵ بکات دەبێت سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات و ئیسرائیلیش بە چەند قۆناغێک لە غەززە دەکشێنەوە.
دوای ئەوەش هانگاو دەنێین لەگەڵ بانکی جیهانی تا ژیانی غەززە ئاسایی بکەنەوە و ئاسەواری شەڕ لە ناوچەکە نەهێڵن، ئەمە بەشێکی دیکەیە لە قسەکانی ترەمپ.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەش دەڵێت، قسەی لەگەڵ چەندین سەرۆکی وڵاتان کردووە و چەندین دۆسیەیان چارەسەر کردووە، ئەگەریش دەسەڵاتی فەڵەستینی دەیەوێت چاکسازی بکات ئەوا ئەمریکا یارمەتییان دەدات.