کەمتر لە ساڵێک تەواو دەکرێ
نەخۆشخانەیەکی راوێژکاری تازە لە کەلار دروست دەکرێت
+964
ژووری هەواڵ
بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی راوێژکاری لە کەلار دانرا و بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک تەواو بکرێت.
، ئەمڕۆ چوارشەممە 1.10.2025 جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە 964ى وت، “کەلار رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبێت و پێویستی بەوەبوو نەخۆشخانەیەکی دیکەی راوێژکاری دروست بکرێت”.
“نەخۆشخانە راوێژکارییەکەی دیکە لەگەڵ ئەوەی کۆنەكە، كە بچووکیشە، خەڵکێکی زۆر رووی لێدەکەن، ئەم نەخۆشخانەیە تازەیەش، دوای کردنەوەی دەبێتە تەواوکاری نەخۆشخانە گشتییەکە و ھەندێک لە بەشەکانی دێتە ئەم نەخۆشخانە تازەیە”، جەلال شێخ نوری وای وت.
لەبارەی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکەی کەلار، کە ماوەی 13 ساڵە کارەکانی وەستاوە، وتی،”لەھەوڵداین بۆ دەستپێکردنەوە بە کارەکانی ئەو نەخۆشخانەیەش، خەریکی ئەوەین دەرخستەی تازەی بۆ بکەین”.
ئاماژەی بەوەش کرد، نازانین کەی دەستدەکرێتەوە بە کارکردن لەو نەخۆشخانەیە، چونکە بودجەیەکی زۆری دەوێت و پەیوەندی بە دۆخی ئابووری کوردستانەوە ھەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا