ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین 48 کاتژمێر درێژکرایەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا:
“ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین 48 کاتژمێر درێژکرایەوە”
964+
شۆڕش قادری
ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین بۆ 48 کاتژمێر درێژکرایەوە و تا ئێستاش 49 هەزار و 808 قوتابی فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین، 48 کاتژمێری دیکە واتە تا کاتژمێر 12ـی شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى 2.10.2025 درێژبکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى ئەمساڵ، کە بەهەر هۆکار بێت، نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەند بن لەو دەرفەتە و فۆڕمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچوانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 کاتژمێرەدا فۆڕمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگەیاند، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو 48 کاتژمێرەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆڕمى زانکۆلاین.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتى خوێندنى باڵا، تاوەکو ئێستا 49 هەزار و 808 دەرچووى پۆلی 12ـی ئامادەیی داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەش کردووە.