بازاڕی زیوو فرۆشان - وێنە: 964
"دوێنێ 270 دۆلار و ئەمڕۆ نزیکەی 400 دۆلار"
زیوو بازاڕی کۆنتڕۆڵ نابێ، تادێ بەهاکەی بەرزتر دەبێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی زیوو لە هەرێمی کوردستان و بازاڕی جیهان دروست بووە، دوێنێ 270 دۆلار و ئەمڕۆ نزیکەی 400 دۆلار زیادی کردووە، بۆ بەهای یەک کیلۆ.
کیلۆیەک زیوو لە جیهان هەزار و 480 دۆلارە، و لە هەرێمی کوردستان هەزار و 860 دۆلار، لە هەرێمی کوردستان کیلۆیەک نزیکەی 400 دۆلار یان 25% جیاوازەو گرانترە لە جیهان.
بە گوێرەی قسەکانی دکتۆر بیلال رەئوف، پسپۆڕی ئابووری بێت، لەنێو جۆرە جیاوازەکانی زیوو لە هەرێمی کوردستان، نرخەکان جیاوازی هەیە، مەڕمەڕە گرانترینە 60 دۆلار بۆ 100 دۆلار زیاترە لە جۆرەکانی تر، لە کاتێکدا زیوو هەر زیووە.
لەبارەی زیانی ئەو جیاوازییە لە نرخ لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە جیهان دروست بووە، دکتۆر بیلال رەئوف دەڵێ، قسەکە لەسەر ئەوەنییە، زیوو بەرزنابێتەوە، ئەگەری هەیە ئۆنسەی زیو 50 دۆلار ببینێ، بەڵام ئەو زیادەی لە کوردستان چۆتەسەری ئەبێتە زیان بۆ تۆ.
هەڵبەزو دابەزی زیو زۆرە ئەمڕۆ لەیەک دابەزین کیلۆیەک لە کوردستان لە 20 وەرەقەوە هاتەوە سەر 18 وەرەقە، لە چەند سەعاتێک لە 20 وەرەقە 2 وەرەقەی لەدەستدا.
ئەو بەرزبوونەوەی لە نرخی زێڕ روویداوە، رووەو داکشان دێتەوە بەڵام بەم زووانە نا، ئەوە لە کاتێکدا داکشانی نرخی زیوو لە ئان و ساتدا روودەدات، ئەو وتی، بەم نرخەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و لە بازاڕدا دەفرۆشرێ.
لەوەتەی زێڕ گران بووە، زیوویش نرخی گران بووە و خواستیشی زۆر لەسەرە لەلایەن هاوڵاتییانەوە، هەرچەندە زیوویش لە چاو جاران چوار هێندە گران بووە و خەڵکێکی زۆریش کڕیویانە بە مەبەستی ئەوەی قازانجی لێ بكەن.
رۆژی 16.8.2025، ئەو بەرزبوونەوە تۆمارکرا، ئەوکات هەکار عومەر، زیووفرۆشە لە بازاڕی گەورەی هەولێر و بە 964ی وت، رۆژانێک ئۆنسەی زیو 12 دۆلار بوو ئێستا 38 دۆلارە، ئەمەش بەرانبەر بە زێڕ واتا یەک بە چوار بەرزبووەتەوە، خەڵک زیاتر روو لە زیوو دەکەن، چونكە هەرزانترە.