نۆ بەنداو

کابینەى نۆ: بۆ هەر مەترسێجایەک لە ئاو 1051 دینارى خەرجکردووە

964+

وریا فەتاح

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارنامەی خۆی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی ئاو، نۆ بەنداوی ستراتیژی دروستکردووە، تێچووى هەر مەترسێجایەک ئاویش 1051 دینار لەسەر حکومەت کەوتووە ئەگەر تەنیا بۆ یەک ساڵ بێت.

ئەو نۆ بەنداوەى کابینەى نۆ دروستى کردوون، 265.7 ملیار دینارى تێچووە کە تواناى گلدانەوەى 252.8 ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە، بەو پێیە هەر مەترسێجایەک لە ئاوى گلدراوەى ئەو بەنداوانە بۆ یەک ساڵ 1051 دینار لەسەر حکومەت کەوتووە، بەڵام لەبەر ئەوەى گلدانەوەى ئاو پڕۆسەیەکى درێژخایەنە ئەوکات نرخى هەر مەترسێجایەک بۆ ئەو تێچووە دەگۆڕێت.

1000 لیتر ئاو یەکسانە بە یەک مەترسێجا ئاو

فەرمانگەى میدیا و زانیارى، وردەکارى بەنداوەکانى بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:

بەنداوى گۆمەسپان (هەولێر):  بە گوژمەی 95 ملیار دینار دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى هەیە.
بەنداوى دوین (هەولێر): پڕۆژەیەکی دیکەی گەورەیە کە بە گوژمەی 88 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
بەنداوى دێوانە (دەربەندیخان): بە گوژمەی 26.6 ملیار دینار دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوى بەستۆرە (هەولێر): بە گوژمەی 23 ملیار دینار دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
بەنداوى خنس (شێخان): یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی پارێزگای دهۆک بە گوژمەی 9.2 ملیار دینار و توانای گلدانەوەی 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە..
بەنداوى ئاقۆپان (شەقڵاوە): بە گوژمەی 8.1 ملیار دینار دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 2.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و سوودی گەشتیاریشی لێ وەردەگیرێت.
بەنداوى تورەجار (گەرمیان): لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە گوژمەی 5.8 ملیار دینار جێبەجێ کراوە و توانای گلدانەوەی 2 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوى شەوگێڕ (کۆیە): بە گوژمەی 5.6 ملیار دینار دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 2 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوى چەمەرگە (هەولێر): بە گوژمەی 4.4 ملیار دینار دروستکراوە و توانای گلدانەوەی 1.2 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

ئەوەى گرنگە لەم هەواڵەدا لەبەرچاوى بگریت ئەوەیە کە خەرجکردنى ئەو پارەیە بۆ ئەو بەنداوانە، تەنیا بۆ یەکساڵ نییە، بەڵکو تەمەنى هەر بەنداوێک دەیان ساڵە، بەڵام ئێمە لە نمونەى تێچووى هەر مەترسێجایەک کە 1051 دینارە، تەنیا بۆ یەک ساڵ وەرمان گرتووە.

لە بەردەم بەنزینخانەكەی بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان...

لە بەردەم بەنزینخانەكەی بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان تاسە دروستكراوە و لادانی کاتی هەیە