کرێکارێک لە کاتى کارکردندا _وێنە: Hangaw NGO
10 گیانلەدەستدا هەبووە
ئەم مانگە؛ مانگى نەهاتى بوو بۆ کرێکاران
964+
وریا فەتاح
بەپێى راپۆراێکى رێکخراوى ئاشتى و ئازادى، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2025دا، زیاتر لە 10 کرێکار لە شارەکانی کەرکوک، دووزخورماتوو، سلێمانی، هەولێر و زاخۆ لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە کە پێنج لەو کرێکارانە لە شاری کەرکوک بوون.
وەک ئەوەى رێکخراوەکە ئاماژەى پێداوە، زۆربەی ئەو کرێکارانە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچاربوون لە پڕۆژە سەختەکاندا کاربکەن، هۆکارەکانی گیانلەدەستدانیان هاوشێوەی رابردوو بوون و بریتین لە بەربوونەوە لە باڵەخانە بەرزەکان، کارەباگرتن و داڕووخانی دیوارەکان.
ئاشکراشى کردووە کە ژمارەیەک لە قوربانییەکان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.
بەپێی راپۆرتەکە، هۆکاری سەرەکی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە، دابیننەکردنی کەرەستەی خۆپارێزی و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەییە لە شوێنی کار.
رێکخراوی ئاشتی و ئازادی جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارن لە پاراستنی ژیانی کرێکاران، هەربۆیە داوا دەکەن کە فشار بخرێتە سەر خاوەنکاران بۆ جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و پێداویستییەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی.