"قوتابخانەی لێ نییە و شوێنێکی هەژارنشینە"

کومەڵگەی پەروەردەیی و سەنتەری راهێنانی مامۆستایان لە دارەتوو دروست دەکرێت

964+

ده‌شتی عارف ـ هەولێر

له‌ ناحیه‌ی داره‌تووی هه‌ولێر بەردی بناغەی کومەڵگەی پەروەردەیی و سەنتەری راهێنانی مامۆستایان دانرا و بڕیارە ساڵی 2026 دەست بە دروستکردنی بکرێت.

ره‌وه‌ند قادر، سه‌رۆكی شاره‌وانی داره‌توو به‌964ـی وت، “كۆمەڵگەکە‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌ گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌كان له‌ ناحیه‌ی داره‌توو، لە داینگەوە تا پۆلی 12ـی ئامادەیی لەخۆدەگرێت، بڕیارە سه‌ره‌تای ساڵی 2026‌ ده‌ست به‌ دروستكردنی بكرێت، دەبێ تا 2028 تەواو بکرێت و دواتر قوتابیان وەردەگرێت”.

هەر لەوبارەیەوە سابیر نانەکەلی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، لە ناوچەیەکی فراوانی وەک دارەتوو کە قوتابخانەی لێ نییە و شوێنێکی هەژارنشینە، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

پڕۆژەکە پێکدێت لە کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی لە ناحیەی دارەتوو، سەنتەرێکی تایبەتیش بە مامۆستایان لە گەڕەکی هەولێری نوێ و هەروەها نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە گروپی زەیتون دروستی کردوون، لەخۆدەگرێت،  تێچووی گشتی هەموو پڕۆژەکە 12 ملیۆن دۆلارە و له‌لایه‌ن ئاژانسی كۆیكاوه‌ سه‌رپەر‌شتی ده‌كرێت، كۆمه‌ڵگەکە‌ حكومیی ده‌بێت و خوێندن تیایدا به‌خۆڕایی ده‌بێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

بێئاوی تەنگی بە گەڕەکێکی دارەتوو هەڵچنیوە

بێئاوی تەنگی بە گەڕەکێکی دارەتوو هەڵچنیوە