لە هەڵەبجە
بە چڵەدار ئاگریان خامۆش کرد، چلەی دوو شەهیدەکەی ژینگەیە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، چلەی ماتەمینی شەهیدانی ژینگەی هەڵەبجە (ئاری موختار و محەمەد شێخ حەیدەر) کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ناوچەی کۆکۆیی گیانیان سپارد، بەڕێوەچوو.
پێش دەسپێکی مەراسیمەکە بە چاندنی 40 نەمام بۆ رۆحی ئەو شەهیدانە لە باخچەی مۆنۆمێنتەکە دەستیپێکرد.
موختار جەمال باوکی شەهید ئاری بە 964ی وت، سوپاسی هەموو خەڵکی ئەکەین کە بە دەممانەوە هاتوون، لەگەڵمانبوون، کوڕی ئێمە نەبووە و هی هەموو کوردستان بووە، بەشداری ئەو خەڵکە لە پرسەکەماندا سەبووری بوو بۆمان.
زانا شێخ حەیدەر لە جێگەی هەردوو بنەماڵە و لە رێگەی مایکی 964ەوە گلەییەکی کرد و وتی، داواکارن کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگر دابین بکرێ لەلایەن حکومەتەوە.
چونکە بە قسەی ئەو، براکەی بەهۆی نەبوونی کەرەستەوە بە چڵەدار ئاگری کوژاندووەتەوە، سوپاسی بەدەمەوە هاتنی خەڵکی کرد و دەڵێ، شانازی بە ژیان و مردنی هەردوو شەهیدەکەمانەوە ئەکەین.
رۆژی 17.8.2025، لە هەردوو گوندنی نەیجەلە و چناری کۆکۆیی ئاگرکەوتەوە و تا 72 کاتژمێری ئاگرەکە بەردەوام، گەرچی سێ جار کۆنتڕۆڵ کراو سەری هەڵدابوویەوە، بەهۆیەوە سنووری گوندەکانی، مۆردین و چناری کۆکۆی و نەیجەلە، پێگە و لمە و سازان فراون ببوو.
دواتر دەرکەوت، پێنج هەزار دۆنم دارستانی سروشتی کە لە داری دار بەڕوو، قەزوان، گۆیژ، بڵاڵوک، هەرمێ، زڕوەن و چەقالە سووتاون، هەروەک هەزار دۆنم لە پاوانی سروشتی بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاوە.
روپێووی لیژنەی بەدواداچوونی پارێزگاکە دەری خستووە، 36 دۆنم لە باخی هەر سێ گوندەکانی مۆردین، چناری کۆکۆی و نەیجەلە سووتاوە، هەروەها بەگوێرەی داتاکان، لەو دارە سروشتییانەی بەرهەمی بنێشتی لێ دەگیرێتەوە، 475 کیلۆ بنێش سووتاون و لەناوچوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا