ملپێچە سوورەکەى لەوێ داندراوە
مۆزەخانەى شێرکۆ بێکەس کرایەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ئێوارەى ئەمڕۆ، مۆزەخانەى شێرکۆ بێکەس لە شارى سلێمانى کرایەوە کە تێیدا ژمارەیەک بەرهەم و دەستنوس و کەلوپەلى شێرکۆ بێکەس لە مۆزەخانەکە دانراون.
مۆزەخانەکە دەکەوێتە گەڕەکى ئاشتى شارى سلێمانى.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، شاعیر و کوڕى شێرکۆ بێکەس بە 964ـى وت،”مۆزەخانەى شێرکۆ بێکەس، هەموو رۆژانێکى سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە و شەممە، لە کاتژمێر 10 بۆ 3ـى پاشنیوەڕۆ، پێشوازى لە میوانان و شاعیران و گەشتیاران دەکات”.
وەک باسى دەکات، مۆزەخانەکە لە چەند بەشێک پێکدێت، لە بەشێکى ژیاننامە و هەندێ شتى تایبەت بەشێرکۆ بێکەس نمایش کراون، بەشێکى ترى تایبەتە بەو هەموو کتێبانەى شێرکۆ بێکەس کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە جیاوازەکان یان ئەوانەى لەبارەى شێرۆکۆوە نوسراون.
ئاشکراشى کرد، بەشێکى ترى مۆزەخانەکە، ژوورێکە کە دیوانەکانى شێرکۆى بە دەنگ تێدا نمایشکراوە.
بەوتەى هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، لە مۆزەخانەکەدا دەستنوس و ملپێچ و ژمارەیەک کەلوپەلى تایبەتى شێرۆکۆ بێکەس نمایشکراون.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح