ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا _ وێنە: ئاژاسنەکان
ئەسعەد شەیبانى لە واشنتۆنە
یەکەمجارە دواى 25 ساڵ بەرپرسێکى باڵاى سوریا پێ دەنێتە خاکى ئەمریکاوە
964+
وریا فەتاح
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، گەیشتە واشنتن، ئەوەش یەکەم سەردانى فەرمى بەرپرسێکى باڵاى سویایە لە چارەگە سەدەیەکدا.
بڕیارە شەیبانی لەگەڵ بەرپرسان و یاسادانەرانی ئەمریکی کۆببێتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە هێشتا بەسەر وڵاتەکەیدا ماونەتەوە.
سەردانەکەی شەیبانی لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا بە نێوەندگیری ئەمریکا چڕبوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ ژمارەیەک لە یاسادانەرانی کۆنگرێس، لەوانە سیناتۆر لیندسی گراهام، کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵگرتنی هەمیشەیی یاسای سزاکانی “قەیسەر”، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆببێتەوە.
یاسای قەیسەر چییە؟
یاسایەکی ئەمریکییە کە لەلایەن هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەوە پشتیوانی لێکراوە و 2019 دا، بەسەر سوریادا سەپێندرا کە ئامانج لێى پاراستنی خەڵکی مەدەنیی سووریا بوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەدا، گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، “پێشکەوتن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ ‘رێککەوتنی یەک لەدوای یەک’ واژۆ بکرێت، کە بە پلەی یەکەم ڕێککەوتنی ئەمنی و سەربازی دەبن”.