دەستگیرکردنى ژمارەیەک داواکراو لە گەرکوک
بە تۆمەتى جۆراوجۆر
لەماوەی 24 کاتژمێردا؛ پۆلیسی کەرکوک 27 کەسی دەستگیرکرد
964+
وریا فەتاح
پۆلیسی کەرکوک ئاماری کار و چالاکییەکانی 24 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 27 کەسیان دەستگیرکردووە کە بەپێی ماددەی جیاواز داواکراو بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرکردایەتی پۆلیسی کەرکوک، هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی و بەشە مەیدانییەکان زنجیرەیەک رێوشوێنیان بۆ سەپاندنی ئاسایش لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە و بازگە سەرەکییەکان ئەنجامداوە و توانیویانە لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، 27 کەس بەپێی فەرمانی دادگا داواکراو بوون، دەستگیرکراون.
هاوکات مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن دوو داواکراو سێ سواڵکەریان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر دەمانچەیەکدا گرتووە.
لەگەڵ ئەوانەشدا، 72 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار بە هەماهەنگی لەگەڵ مەفرەزەکانی هاتووچۆ سزادراون و 12 کەسیش لە کاتی شەڕ و ئاژاوەدا راگیراون.
جەختیشکراوەتەوە، ئەم رێکارە ئەمنییانە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی سەرجەم ناوچەکانی پارێزگاکە.