دوو باڵندەى جۆرى باز لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر دەستیان بەسەرداگیرا
نرخى هەر یەکێکیان نزیکەى 10 دەفتەر دۆلارە
دوو باڵندەى جۆرى “باز” لە فڕۆکەخانەى نیودەوڵەتى هەولێر دەستیان بەسەرداگیرا
964+
وریا فەتاح
دوو باڵندەى جۆرى باز کە بەپێى خەمڵاندنەکان نرخى هەریەکێکیان دەگاتە 80 بۆ 90 هەزار دۆلار، لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر دەستیان بەسەرداگیرا.
دڵشاد حسێن هیرانى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێرەوە ئاگادارکراینەوە کە دوو باڵندە لە جۆرى باز، بەشێوەى نایاسایى لە دەرەوەى وڵاتەوە هێنراونەتە هەرێمى کوردستان”.
وەک باسى دەکات، تیمەکانیان سەردانى فڕۆکەخانەى هەولێریان کردووە و ئەو دوو باڵندەیان وەرگرتووە.
روونیشى کردەوە، ئەو باڵندانە بەنرخن و نرخى هەریەکێکیان بە خەمڵاندن دەگاتە نزیکەى 80 بۆ 90 هەزار دۆلار (8 بۆ 9) دەفتەر دۆلار.
بەرێوەبەرى فەرمانگەى ژینگە هەولێر وتیشى،”بەهیچ شێوەیەک ئەو باڵندانە نادرێنەوە بە خاوەنەکەى، بەڵام وەک دەستەى ژینگە پەیوەندى بەبەغداوە دەکەین بۆ ئەوەى بزانین ئەوان چ بڕیارێک دەدەن لەبارەى ئازادکردنیان لە سروشتى کوردستان”.