پۆستەر و فلێکسی کاندیدەکانی هەڵبژاردن لەسەر جادە و شەقامەکان کۆدەکرێنەوە- وێنە: ئەرشیف
سەرۆکەکەیان قسەی کرد
لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردن: بەتوندی رووبەڕووی هەر وتارێكی رقاوی دەبینەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان لە كاتی هەڵبژاردندا بە توندی رووبەڕووی هەر وتارێكی رقاوی یان توندوتیژ دەبنەوە.
فەریقی یەكەمی روكن قەیس محەممەداوی، ئەمڕۆ لە بەغدا و لە وتارێكدا لە كۆنفرانسی “بەرەنگاربوونەوەی وتاری توندڕەوی لە ژێر رۆشنایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن”دا، لەبارەی ئامادەکارییەکانی خۆیانەوە قسەی کرد.
ئەوەشی وت، ئەوان لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025دان، و دوای ئەوەی راسپێردراون بۆ سەرۆكایەتی لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025، كاردەكەن بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەروەها پابەندین بە پاراستنی مەودای یەكسان لە هەموو پێكهاتەكان و نەتەوەكان و ئایینەكان و كاندیدەكان.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە بارەی بەرەبگاربوونەوەی وتارەکانی هەڵبژاردن دەڵێ، هەوڵی بەرچاوی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا هەیە و لە ساڵی 2022ەوە بڕیارنامەی گرنگ دەرچووە، لەوانە بڕیارنامەی ژمارە 2354 سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی وتاری رقاوی و بڕیارنامەی ژمارە 2242، جگە لە پێنج بڕیارنامەی دیكەی پەیوەندیدار.
باسی لە گرنگی كاركردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای ئاسایش و هەموو لایەنەكان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان کرد و ئەوەشی وت، پێویستە بەرژەوەندییەكانی عێراق بخرێتە سەرووی هەموو رەچاوكردنێکی ترەوە، ركابەری سیاسیش دەبێت لەسەر بنەمای ماندووبوون و داهێنان و دابینكردنی ئەوەی باشترینە بۆ عێراق و خەڵكەكەی بێت.