هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتى هه‌رێم شكۆمه‌ندی بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه
سۆمۆ : “هیچ بڕه نه‌وتێک له هه‌رێمی کوردستان وه‌رنه‌گيراوه”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كۆمپانیای سۆمۆ ده‌ڵێت، تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕه نه‌وتێكیان له هه‌رێمى كوردستان وه‌رنه‌گرتوه و پێشیوایه كه ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتى هه‌رێم شكۆمه‌ندی بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
عه‌لی نزار شه‌تری، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیای نیشتمانی بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وت كه به (سۆمۆ) ناسراوه، به ئاژانسی هه‌واڵى عێراقی راگه‌یاند، “ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان روویدا، مه‌سه‌له‌ی لێكتێگه‌یشتن و دانانی میكانیزمی كاركردنه، یاساكه هه‌موو لایه‌ك ده‌گرێته‌وه”.
كۆمپانیاكه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه کۆتاییهاتنی سه‌رجه‌م گرێبه‌ست و پابه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی كڕینی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو له هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و دوپاتیكرده‌وه، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه شكۆمه‌ندی عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ بازاڕی تینوی ئه‌وروپا.
ره‌ونیشیكرده‌وه، وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدڕاڵی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له یه‌ك چوارچێوه‌دا كارده‌كه‌ن، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی به‌رهه‌مده‌هێنرێت نه‌وتی عێراقییه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی ته‌نها له سروشتی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و كۆمپانیایانه‌یه كه له‌وێ كارده‌كه‌ن.
عه‌لی نزار شه‌تری وتیشی “حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان پێویستیان به ته‌واوكردنی میكانیزمی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه هه‌یه، هه‌روه‌ها لێكتێگه‌یشتنی پێشكه‌وتو له‌مباره‌یه‌وه گه‌یشتووه”.
به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیا، هه‌وڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌رده‌وامن بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كۆتایی كه رێگه به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌دات و ده‌شڵێت “ئه‌و نه‌وته خاوه‌ی له هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مده‌هێنرێت له ئێستادا هه‌نارده ناكرێت، به‌ڵكو له ناوخۆی هه‌رێمدا به‌كارده‌هێنرێت، ئێمه به پێی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2025 كارده‌كه‌ین بۆ گۆڕینی بڕی زیاده‌ی دوای به‌كارهێنانی ناوخۆیی بۆ هه‌نارده‌كردن”.
كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وت، سه‌رجه‌م گرێبه‌ست و ئه‌ركه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی كڕین ته‌واوكردوه و ئاماده‌یه بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر بڕه نه‌وتێك كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنه‌ر و حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌ربهێندرێت.
دووپاتیشیكرده‌وه “تاوه‌كو ئێستا سۆمۆ هیچ بڕه نه‌وتێكی له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌رنه‌گرتوه، په‌یوه‌ندی گرێبه‌ستیش له‌نێوان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان و كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان ماوه‌ته‌وه”.