جوتیاران بە شەو بۆی دادەنیشن

بەراز گوندەکانی سنووری ناحیەی دێرەلووکیان وێران کردووە

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

ئەمساڵیش بەهۆی زیادبوونی بەراز لە چەند گوندێکی سنووری ناحیەی دێرەلووک، زەوییە کشتوکاڵییەکان وێران بوون و زیانی زۆر بە جوتیارانی دەڤەرەکە كەوتووە، جوتیاران بڕیاریانداوە شەوانیش لەسەر زەوییەكان بن و رووبەڕووی بەرازەكان ببنەوە.

ساڵانە لە کۆتایی وەرزی هاویندا و لە کاتی بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، وەک کاڵەک و کولەکەی زەرد، ترێ و شووتی و هەنجیر، تەماتە و بەشێک لە برنج و کونجی، بە تایبەت لە سنووری قەزای  ئامێدی، بەراز دەچێتە ناو زەوییەکانەوە و هەموو شتێک لەناو دەبات.

چەند گرتە ڤیدیوییەکی بەرهەمی شێواندنی بەروبوومەکانی دانیشتووانی گوندەکانی “سەرگەڵێ، بەرچی، دێرەشێ لە سنووری ناحیەی دێرەلووک بۆ 964ـیان ناردووە و دەڵێن، “بەچاوی خۆتان ببینن زیانێکی یەکجار زۆر ئەمساڵ بە بەروبوومەکانمان كەوتووە”.

عەلی حوسێن، جوتیارێکی گوندەکانی سنووری ناحیەی دێرەلووکە لە قەزای ئامێدی، بە 964ـی وت، “هەموو ساڵێک بەراز دێتە ناو زەویەکانمان، ئەمساڵیش وەکو ساڵی رابردوو رێژەی بەراز لە دەڤەرەکەدا زیادی کردووە و هەموو بەرووبوومەکانمان لەناودەبات”.

وتیشی، شەوی رابردوو ژمارەیەک بەراز هاتوونەتە ناو زەویەکانمان و زیانێکی زۆر بە بەرهەمی کوڵەکەی زەرد و کاڵەکمان گەیشتووە، بەوشێوە بێت، دەبێت بە شەوانیش چاودێریی زەویەکانمان بکەین.

“داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، رێگەچارەیەکمان بۆ بدۆزنەوە و لەو بەڵایە رزگارمان بکات”، عەلی حوسێن.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964ـی لە چەندین گوندی سنووری قەزای ئامێدی، بەشێکی جوتیارانی دەڤەرەکە ناچاربوون پەرژین و سیاج بە دەوری زەوییەکاندا دروست بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان  لە بەراز بپارێزن، بەڵام لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بەراز زیانێکی زۆر بەچەندین زەوی بەرهەمی کولەکەی زەرد و هەنجیر و ترێی جوتیارانی دەڤەرەکە، بە تایبەت گوندی سەرگەلێ گەیاندووە”.

بەشێک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی دێرەلووک  ئاوەدانن و بژێوەی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵییە و دەکەونە دەڤەری نهێلێ و بەرێ گارە، لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرما و بەراز ترێیان لە گوندی بێگەڵاس نەهێشت

سەرما و بەراز ترێیان لە گوندی بێگەڵاس نەهێشت