ساڵانە 15 تاوەکو 20 هەزار دۆنم زەوی بە توور دەچێندرێت

تا ئێستا زانیوتە تووری کەلار بۆ هێندە بەناوبانگە؟

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

تووری تووند و شیرین تەنیا لە کەلار دەچێندرێت، لەگەڵ ئاودارییەکەی هۆکاری ئەو ناوبانگەیە کە تووری کەلار ساڵانێکە بۆخۆی دروستی کردووە.

بەپیتیی خاکەکەی بۆ سەوزەوات و بەتایبەتیش توور بووەتە هۆکاری ئەوەی ساڵانە زەوییەکی زۆر لە کەلار و هەندێ ناوچەی تری گەرمییان بە توور بچێندرێت.

بەرهەمی تووری گەرمیان بەزۆری لەناوچەکانی گردەگۆزینە و شێخ لەنگەری خوار و سەروو دەچێندرێت.

شادییە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بەتۆڕی 964ی راگەیاند: لە گەرمیان تووری تووند و شیرینیش بەرهەم دەهێندرێت بە هەر سێ رەنگی سوور و سپی و مۆرەوە، ئەوەش هۆکاری ناوبانگەکەیەتی.

ناوچەکانی گردەگۆزینە و شێخ لەنگەری خوار و سەروو بەناوبانگترین تووری عێراقیان لێ دەچێندرێت

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ساڵانە لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار دۆنم زەویی گەرمیان بە توور دەچێندرێت و 90%ـی جوتیارانیش توور بەرهەم دەهێنن.

“تا ئێستا نەمانتوانیوە ئامارێک وەربگرین بۆ ئەوەی ساڵانە بزانین چەند تۆن توور لە گەرمیان بەرهەم دەهێندرێت” شادییە حسێن وای وت.

تووری کەلار هەر تەنها لای خۆمان بەناوبانگ نییە، بەڵکوو ئۆلیڤیێ دوکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر دوای سەردانێکی بۆ ئەو شارە، کەلاری وەک پایتەختی تووری کوردی ناوهێناوە.

تووری کەلار بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم، پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین هەناردە دەکرێت.