سنووری پارێزگای كەركوک

نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی دروست دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی تەندروستیی عێراق واژۆکردنی گرێبەستی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای عەباسی سەر بە پارێزگای کەرکوک راگەیاند.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 14.9.2025 لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، “وەزارەتی تەندروستی گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای عەباسی سەر بە پارێزگای کەرکوک، گرێبەستەكە بەشێکە لە پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنانی 2024 و لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی رێککەوتنی نێوان عێراق و چینە، کە بریتییە لە دروستکردنی 16 نەخۆشخانە، کە بەسەر پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدا دابەشکراون”.

ئەوەش باسكراوە، “بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، ئەرجان محەمەد رەشید، گرێبەستەکەی بە نوێنەرایەتی وەزارەتی تەندروستی واژۆ کرد لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای جێبەجێكار، كە سامکۆی نیشتمانیی میسرییە بۆ بیناسازی.

وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، “گرێبەستەکە بریتییە لە دروستکردنی نەخۆشخانەکە و پۆشتەكردنی بە مۆبیلیاتی مۆدێرن و کەرەستەی پزیشکی و تاقیگەیی”.

ئاماژە بەوەش كراوە، نەخۆشخانەكە لە ماوەی سێ ساڵدا بە پێی رێساکانی وەزارەت و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان تەواو دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان.

نەخۆشخانەی قەزای عەباسی، دوایین نەخۆشخانەیە لە نێو ئەو 16 نەخۆشخانەیەی کە بڕیارە بەپێی رێککەوتنی عێراق و چین دروست بکرێن.

ئەمە لە كاتێكدایە لەو رێككەوتنانەی حكومەتی عێراق لەگەڵ چین كردوویەتی بۆ دروستكردنی 16 نەخۆشخانەی گەورە و نزیكەی چوار هەزار قوتابخانە، هیچیان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و لەوێ دروست ناكرێن.

جێگرى بەڕێوەبەر؛ نەخۆشخانەى دڵ لە سلێمانى خۆبەڕێوەبەر...

جێگرى بەڕێوەبەر؛ نەخۆشخانەى دڵ لە سلێمانى خۆبەڕێوەبەرى نییە