کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی نەوت - وێنە: ئاژانسەکان
لە مانگی ئابدا
عێراق حەوت ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا ناردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
راپۆرتێکی وزەی ئەمریکا “EIA”، دەری دەخات عێراق لە مانگی ئابدا نزیکەی حەوت ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریکا کردووە و پلەی پێنجەمی هەیە لە هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتە.
ئەم ژمارەیە کەمترە لە هەناردەی مانگی تەمموز کە بڕەکەی هەشت ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بووە.
هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لە مانگی ئابدا بەم شێوەیە بووە، لە هەفتەی یەکەم، 328 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، وە لە هەفتەی دووەم، 162 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەفتەی سێیەم، 302 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و هەفتەی چوارەم، 231 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
عێراق لە لیستی گەورەترین وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا، پلەی پێنجەمی گرتووە. وڵاتانی کەنەدا، مەکسیک، سعودیە و بەرازیل لە پلەکانی یەکەم تاوەکو چوارەم دێن.
ئەمڕۆ شەممە 13.9.2025 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 66 دۆلار و 99 سەنت دیاری کراوە و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە نرخەکەی 0.93% بەرزبووەوە.
هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی تێكساس بە 62 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخەکەی 0.51٪ بەرزبووەتەوە.
هەفتەی رابردوو و دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، نرخی نەوت بەخێرایی بەرزبووەوە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە زۆری نەخایاند و جارێکی تر سەربەرەوخوار بووەوە.