لە گەڕەکی دەروازەی کەرکوک
دوو کرێکار لەکاتی کارکردن کەوتنەخوارەوە؛ یەکێکیان گیانی لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە گەڕەکی دەروازەی کەرکوک دوو کرێکار لەکاتی کارکردن کەوتنەخوارەوە، یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان بەسەختی برینداربوو.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر تەرمی کرێکارێک بە ناوی ئەزهەر کەرەم و تەمەن 35 ساڵ براوەتە پزیشکی دادی و هەروەها کرێکارێکی دیکەش بە ناوی ئەیاد یوسف، کە تەمەنی 20 ساڵە و بەسەختی برینداربووە، گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو کرێکارە لە گەڕەکی دەروازە لەسەر ئەسکەلەیەک سەرقاڵی کارکردن بوون، لەناکاو کەوتوونەتە خوارەوە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەش بەسەختی بریندار بووە کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی ئازادی لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
لە ماوەی یەک هەفتەدا لە شاری کەرکوک، سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیش بریندار بووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری