شێخ عەبدولستار قەرەغولی
بەغدا
مەلایەک مەلایەكی دیكەی كوشت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ هەینی 12.9.2025 ئیمام و خەتیبی مزگەوتی كەریم ئەلناسڕ لە ناوچەی دۆرەی بەغدا شێخ عەبدولستار قەرەغولی لە كاتی وتاری هەینیدا لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرشی كرایەسەر و دواتر گیانی لەدەست دا.
ئەنجومەنی فیقهی عێراق هەواڵەكەیان راگەیاند و ئاشكرای دەكەن، ئەو ئیمام و خەتیبە لەلایەن ئیمام و خەتیبێكی دیكەوە، كە لەلایەن 30 کەسەوە پاڵپشتی كراوە، هێرشی کراوەتەسەر.
دەسەڵاتی ئەوقاف وتاری مزگەوتەکەی لە نێوان شێخ عەبدولستار قەرەغولی و مەلایەكی دیكەی “مەدخەلی” دابەش کردووە و هەر هەینییەی یەكێكیان پێشكەشی بكەن، بەڵام ئیمامەكەی تر ئەمڕۆ هاتووە و شێخ عەبدولستاری لە ژوورێك بەند كردووە بە یارمەتی چەند كەسێك و دواتر لێیان داوە، شێخ گواستراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخەكەیەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەنجومەنی فیقهی عێراق داوای هاتنەپێشەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی کردووە و داوای یاسایی لەسەر ئەو ئیمامە تۆمارکردووە، كە لە رووداوەكە بەرپرسە.
وەقفی سوننە چی دەڵێن؟
سەرچاوەیەک لە وەقفی سوننە، راستیی رووداوەكەی بۆ تۆڕی 964ی پشتڕاستكردەوە، ئاماژەی بەوەش دا، “رووداوەکە لە ژووری ئیمام و خەتیب شێخ عەبدولستار پێش وتاری هەینی روویداوە، کاتێک خەریک بووە بچێتە سەر مینبەر، بەڵام لە دەوری کۆبوونەتەوە و رێگریان لێکردووە و پاڵیان پێوەناوە، وایان لێکرد بێهۆش بکەوێت، دواتر بردوویانەتە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەست دا، بۆیە داوای یاسایی لەسەر مەلاكەی دیكە تۆمار کرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خۆی و جەماعەتەكەی دەرچوو، كە بە پاسێك لە رەزوانییەوە هاتبوون”.
هەر لەمبارەیەوە مستەفا ئەلبەیاتی بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجومەنی فیقهی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست تۆڕی 964 کەوتووە، رایگەیاند:
“شێخ عەبدولسەتار قەرغولی لەلایەن ئیمام و خەتیبێكی چەقۆكێش و 30 کەسی دیکە، كە لە دەرەوەی ناوچەی دۆرەوە هاتبوون، هێرشی کراوەتەسەر، رێگرییان لێکردووە بچێتە سەر مینبەر و پاڵیان پێوەناوە و ئەمەش بووەتە هۆی مردنی”.
چیرۆكێكی دیكەی رووداوەكەش هەیە
بانگخوازی ئیسلامی قوتەیبە عەدنان ئەلسەماوی لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: “شێخە مەدخەلییەكە تازە راسپێردراوە بۆ پێشكەشكردنی وتاری هەینی، لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج هاتووەتە مزگەوتەكە، بەڵام شێخ عەبدولستار قەرەغولی رەتیکردەوە مینبەرەکەی پێبدات، ئەو گەنجانە لەناو یەکێک لە ژوورەکانی مزگەوتەکەدا دەستبەسەریان کردووە و هێرشیان کردووەتەسەری، ئەویش نەخۆشی دڵی هەیە و تەندروستی تێكچووە و بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.