چاڕلی کێرک

ئەوکەسەى لەلاى ترەمپ خۆشەویست بوو کوژرا

964+

وریا فەتاح

چاڕلی کێرک، دامەزرێنەری رێکخراوی “تێرنینگ پۆینت ئەمریکا” (Turning Point USA) و باوکی دوو منداڵ، دوای ئەوەی لە بۆنەیەکی نێو زانکۆی “یوتا ڤالی” تەقەی لێکرا، گیانی لەدەستدا، لەسەر رووداوەکەش ترەمپ و بەشێک لە بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە هاتنەسەرخەت و قسەیان کرد.

دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشەڵ” هەواڵی گیانلەدەستدانی کێرکی پشتڕاست کردەوە و نووسیویەتی: “چاڕلی کێرکی مەزن، تەنانەت ئەفسانەیی، کۆچی دوایی کرد، هیچ کەس هێندەی چارلی لە دڵی گەنجانی ئەمریکادا نەبوو و لێیان تێنەدەگەیشت، ئەو لەلایەن هەمووانەوە خۆشەویست بوو، بەتایبەتی من، و ئێستا چیتر لەگەڵمان نییە.”

ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا؟

کاتژمێر 12:20 خولەکی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە بە کاتى ئەمریکا، لە کاتی وتارێکی کێرک لە ژێر چادرێکی سپیدا، تەقە لێکراو گرتە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە دوای تەقەکە، ئامادەبووان بە ترسەوە دەستیان بە ڕاکردن کردووە.[1] .

سەرەتا کێرک بە سەختی بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) سەرەتا رایگەیاند کە “تۆمەتبارێک” دەستگیر کراوە، بەڵام دواتر بەڕێوەبەری FBI، رایگەیاند کە تۆمەتبارەکە دوای لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

یەکێک لە گەورە بەرپرسانی پۆلیسی ویلایەتی یوتا بە میدیاى فۆکس نیوزى وتووە کە باوەڕیان وایە هێرشەکە “ئامانجدار بووە بۆ سەر یەک کەس” و تەنها یەک فیشەک تەقێنراوە.

کاردانەوەی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا

هەریەک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا ئیدانەی ئەم کردەوەیەیان کرد:

جۆ بایدن: “هیچ جێگەیەک لە وڵاتەکەماندا بۆ ئەم جۆرە توندوتیژییە نییە، دەبێت کۆتایی پێبێت.”
باراک ئۆباما: “ئەم جۆرە توندوتیژییە قێزەونە هیچ جێگایەکی لە دیموکراسیی ئێمەدا نییە.”
جۆرج دەبلیو. بوش: “ئەمڕۆ، گەنجێک لە کاتی دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەکانی بە خوێنساردی کوژرا، توندوتیژی و قسەی ناشرین دەبێت لە گۆڕەپانی گشتیدا بنبڕ بکرێن.”
بیڵ کلینتۆن: “هیوادارم هەموومان بە خۆماندا بچینەوە و هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەین بۆ ئەوەی بە گەرمی، بەڵام بە ئاشتیانە، بەشداری لە گفتوگۆدا بکەین.”
زانکۆی یوتا ڤالی

زانکۆی یوتا ڤالی رایگەیاندووە کە کەمپی زانکۆکە داخراوە و سەرجەم وانە و چالاکییەکان تا رۆژانی دواتر هەڵوەشێنراونەتەوە.

چاڕلی کێرک لە ساڵی 2021 هاوسەرگیری لەگەڵ “ئێریکا فرانسڤ” کردووە و خاوەنی دوو منداڵن، ئەو نووسەری چوار کتێبە و پێشکەشکاری پۆدکاستی “The Charlie Kirk Show” بوو.

کێرکی تەمەن 31 ساڵ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبوو، پشتیوانێکى سەرسەختى ترەمپ بوو بەتایبەت لە کاتى هەڵبژاردنەکان.

ترەمپ ناوی وەزارەتی بەرگری گۆڕی بۆ وەزارەتی جەنگ

ترەمپ ناوی وەزارەتی بەرگری گۆڕی بۆ وەزارەتی جەنگ