جوتیارانی کوردیش هەڕەشە دەکەن

بەبڕیاری دادگا زەویەکانی سنووری خورماتوو دەدرێتە جوتیارانی عەرەب

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پارێزگاری سەڵاحەدین لەگەڵ شاندێکی جوتیارانی عەرەبى گوندەکانی حلێوە و ئەلبو حەسەنی سنووری قەزای خورماتوو کۆبوەوە و بەبڕیاری دادگا زەویەکانی گوندی تەپەسەوزی سنووری خوورماتوو دەدرێت بە جوتیارانی عەرەب ئەمەش جوتیارانی کوردی توڕە و نیگەران کردووه.

بەدر مەحمود فەحەڵ، پارێزگاری سەڵاحەدین لەپێگەی فەرمی پارێزگای سەڵاحەدین بڵاویکردەوە و دەڵێت، لەرابردوودا چەندین جار لەگەڵ جوتیارانی کورد و عەرەبی سنوورەکە کۆبووینەوەو ویستمان کێشەکە بەئاشتیانە چارەسەر بکرێت و داوامان کرد هەر لایەنێکیان بەڵگەو نوسراوی فەرمی دادگامان بۆ بێنن سەبارەت بەزەوی و زارەکانیان و مۆڵەتی دوو هەفتەمان بۆ دانان.

دەشڵێت، دواجار جوتیارانی عەرەب نوسراوی فەرمی دادگای بەغدایان هێنا کە دەیسەلمێنن زەویەکان موڵکی ئەوانەو تائێستا جوتیارە کوردەکان هیچ بەڵگەنامەیەکی دادگایان نەهێناوە کە بیسەلمێنی زەویەکان هی ئەوانە، بۆیە ئێمەش بڕیارمان دا رێکاری یاسای بگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوی زەویەکان بۆ جوتیارانی عەرەب، چونکە بڕیاری دادگایەو دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

لە بەرامبەردا یاسین مەحەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێگای سەڵاحەدین لەسەر پشکی کورد بە 964ـی وت، ئێمە ناتوانین هیچ دەستێوەردانێک بکەین بەو پێیەی جوتیارانی عەرەب نوسراوی دادگایان پێیە، ئەوەندەی پێمان دەکرێت نێوەندگیری دەکەین و لەهەوڵداین نەهێڵین گرژی و ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە، چونکە لەهەر ساتێکدا بێت، هێزی ئەمنی هەڵدەکوتێتە سەر ناوچەکە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکەن.

وتیشی، هەفتەی رابردوو کاتێک گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەب دروست بوو، چومە شوێنکەو دەستێوەردانم کرد بۆ ئەوەی گرژیەکە پەرە نەسێنێت، بەڵام دواتر لە لایەن جوتیارانی عەرەبەوە سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە.

شەماڵ کاکەخان، یەکێک لەنوێنەری جوتیارانی گوندی تەپەسەوز بە964ـی وت ” بەهیج شێوەیەک رێگە بەکەس نادەین بێت زەویەکانمان داگیربکات و هاوشێوەی جارەکانی تر رووبەڕوویان دەبینەوە، چونکە زەویوزاری خۆمانەو لەکەس قبوڵ ناکەین بەزۆر زەویەکانمان لێ داگیربکەن.

کێشەی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەبی گوندی تەپەسەوزی سنووری خورماتوو لەسەر 2500 دۆنم زەوی کشتوکاڵیە و ساڵانێکە کێشەکەیان بەردەوامە.

پێداچوونەوە: تونا نەقی

جارێکی دیکە هێز چووە سەر زەویی جوتیارانی گوندی تەپەسەو...

جارێکی دیکە هێز چووە سەر زەویی جوتیارانی گوندی تەپەسەوز