سەرەڕای قەدەغەکردن برنج و گەنمە شامییان چاندووە

حەوت جوتیار لە گەرمیان مەرەزەیان کرد و دەستگیرکران

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری گەرمیان لە بەرواری 5.6.2025 چاندنی برنج و گەنمەشامی قەدەغەکرد لەسەر پرۆژە ئاودێریەکان، بەھۆی کەم بارانی و وشکەساڵی، بەڵام حەوت جوتیار پابەندی بڕیارەکە نەبون و دران بە دادگا.

موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان بە 964ـی وت، پێشتر جوتیارانمان ئاگادارکردەوە کەلەسەر پرۆژەی ئاودێری (باڵەجۆ، شێخ لەنگەر و سەلام) ھیچ بەروبوومێکی برنج و گەنمەشامی نەچێنن، ئەگینا تووشی لێپرسینەوە دەبن.

“حەوت جوتیار کە دەکەونە سەر پروژەی ئاودێری باڵەجۆ، سەرپێچیان کردوە و مەرەزەیان کردووە، ئێمەش لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردەوە و دراون بە دادگا، دوای رۆژێک لە راگرتنیان بە کەفالەت ئازادکراون”،موئەیەد ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەیان نەداوە کە سزاکەیان چی دەبێت و ئەو بەروبوومەی چاندوویانە چی لێبەسەردێت، چاوەڕێی وەڵامی دادگان.

پرۆژەی ئاوی باڵەجۆ درێژیەکەی نزیکەی 39 کیلۆمەترە، لە رووباری سیروانەوە ئاو دەگەیەنێتە نزیکەی 34 گوندی نێوان کەلار خانەقین، بەمەبەستی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەکاری دێنن، ھەر ساڵێک کەم بارانی و وشکەساڵی بێت، چاندنی برنج و گەنمەشامی لەسەر ئەو پرۆژە ئاودێریانە قەدەغە دەکرێت، بەھۆی ئەوەی ئەو دوو بەروبوومە ئاوی زۆریان پێویستە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

چاندنی برنج و گەنمەشامی لە گەرمیان قەدەغەکرا

چاندنی برنج و گەنمەشامی لە گەرمیان قەدەغەکرا