لە شەڕى عەشایەرى بەغدا

شەڕەکە لەسەر نرخى ئەمپێرى کارەبا بووە؛ چەند ئەفسەرێک کوژران

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆ مەراسیمێکی شایستەی بۆ ئەو ئەفسەر و کارمەندانە رێکخست کە لەکاتی هەوڵەکانیاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکییەکی چەکداریی خێڵەکی لە ناوچەی مەعامیل، رۆژهەڵاتی بەغدا، کوژران.

شەڕەکە بەهۆى نرخى ئەمپێرى کارەباوە دروستبووە و ژمارەیەک کەس لە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە عەشایەرییەکان کوژران

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە بە مەراسیمێکی گەورە، وەزارەتی ناوخۆ ماڵئاوایی لە پاڵەوانەکانی هێزی پۆلیسی فیدراڵی دەکات.

عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆ، و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی وەزارەتەکە، بەشدارییان لەو مەراسیمە گەورەیەدا کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بەڕێوەچوو، بۆ ئەو ئەفسەر و کارمەندانەى کە درەنگانی شەوی ڕابردوو لەکاتی ئەرکدا  کوژران، ئەوەش کاتێک هەوڵیان دەدا کۆتایی بە ناکۆکییەکی چەکداری بهێنن لە رۆژهەڵاتی پایتەخت.

پێشتر وەزارەتەکە رایگەیاندبوو کە دوو ئەفسەر کوژراون و پێنج کارمەندیش بریندار بوون لەکاتی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە خێڵەکییەکە لە ناوچەی مەعامیل لە بەغدا، هەروەها دوو کەس لە هێرشکارەکانیش کوژراون.

وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکات کە تێوەگلاون و بیانکاتە پەندێک بۆ ئەوانی تر.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناکۆکییەکە لەسەر نرخی ئەمپێرەکانی کارەبا سەریهەڵداوە، کاتێک چوار برا هێرشیان کردووەتە سەر خاوەنی مۆلیدەیەک بەهۆی ناکۆکی لەسەر نرخی ئەمپێرەکان، پێش ئەوەی ژمارەیەک لە گەنجانی خێڵەکە و خزمانی خاوەن مۆلیدەکەش بەشداری بکەن و پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هەردوولادا رووبدات، دواتر هێرش کراوەتە سەر ئەو هێزە ئەمنییانەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە گەیشتبوونە شوێنی ڕووداوەکە.

لە شەڕى نێوان دوو بنەماڵە کەسێک کوژرا

لە شەڕى نێوان دوو بنەماڵە کەسێک کوژرا