گەورەترین شۆڕشی كرد و خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێنا
نیڵسۆن ماندێلا.. یەكەم سەرۆكی رەشتپێستی باشووری ئەفریقیا
964+
محەمەد فاتیح
لە 8ـی یۆلیۆی 1918 لە دایكبووە و لە 5ـی دیسەمبەری 2013 كۆچی دواییكردووە، سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕێکی دژ بە رەگەزپەرستی بووە و یەكەم سەرۆكی رەشتپێستی باشووری ئەفریقیا بووە و لە ساڵى 1994 تا 1999 وەک سەرۆکی ئەفریقيای باشوور کاری کردووە.
نیڵسۆن ماندێلا، لە یەکەم هەڵبژاردنی فرەڕەگەزی هەڵبژێردرا و نوێنەرایەتی هەموو رەگەزەكانی كرد و حکومەتەکەی سەرنجی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میراتی ئاپارتاید بوو، لە رێگای رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی دامەزراوەیی و هەژاری و نایەکسانی و پتەوكردنی ئاشتەوایی لەنێو رەگەزەكاندا.
لە خێڵی مەدیبا لە گوندی مینزۆ، کە دەکەوێتە هەرێمی رۆژهەڵاتی ئەفریقيای باشور، لەدایکبووە و لە زانکۆی فۆرت هێر و زانکۆی ویتواتەرسراند دەستیکرد بە خوێندنی یاسا و یەکەم خوێندکاری ئەفریقی رەشپێست بووه، بەم هۆكارەش رووبەڕووی رەگەزپەرستی بۆیەوە.
لە ساڵی 1952 لە گۆڕپانی سیاسی دەركەوتووە و وەك سەرۆكی لقی حزبی كۆنگرەی نیشتیمانی هەڵبژێردراوە و دواتر لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی ئەفریقيای باشوور، بەشداری كرد لە دامەزراندنی رێکخراوی رمی نەتەوەى توندڕەو، پاشان لە ساڵی 1961 دەستگیرکراوە و تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی حکومەت خراوەتە پاڵى، لە ساڵی 1962 بە تۆمەتی تێکدان و پیلانگێڕی بۆ رووخاندنی حکومەت، سزا درا و لەلایەن دادگای ریڤۆنیا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
نیڵسۆن ماندێلا 27 ساڵى تەمەنی لە زینداندا بەسەر برد، هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بڵاوبۆیەوە كە فشاری دەكرد بۆ ئازادکردنی، پاشان بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە لە ساڵی 1990 لە نێوان پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆدا ئازادكرا.
پیاوى ئاشتیى؛ رۆژى جیهانى ماندێلایە
نیڵسۆن ماندێلا بوو بە سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا و ژیاننامەی خۆی بڵاوکردەوە و سەرکردایەتی دانوستانەکانی لەگەڵ سەرۆک دی کلێرک کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتاید و دامەزراندنی هەڵبژاردنی فرەڕەگەزی لە ساڵی 1994 کە تێیدا حزبی كۆنگرەی بەرەو سەرکەوتن برد و وەک سەرۆک هەڵبژێردرا و حکومەتێکی یەکێتی نەتەوەیی پێکهێنا، لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی گرژییە رەگەزایەتییەكان و وەک سەرۆک، دەستورێکی نوێی دامەزراند و لیژنەیەكیش بۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ له رابردوودا.
سیاسەتی ئابووری لیبڕاڵی حکومەت بەردەوام بوو و ئیدارەکەی رێوشوێنی بۆ هاندانی چاکسازی کشتوکاڵی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی خستەڕوو.
نیڵسۆن ماندێلا، رەتیکردەوە بۆ خولی دووەم خۆی کاندید بکات و جێگرەکەی، تابۆ ئیمبێکی شوێنی گرتەوە، پاشان ماندێلا بوو بە دەوڵەتمەدار و گرنگی بە کاری خێرخوازی دەدا لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و ئایدز لە رێگای دامەزراوەی نیلسۆن ماندێلاوه.
بەهۆی هەڵوێستی دژ بە داگیركاری و ئاپارتایدەوە، ستایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و زیاتر لە 250 خەڵاتكراوه، لەوانە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی له ساڵی 1993 ، مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمریکا و مەدالیای لینین لە یەکێتی سۆڤیەتەوە.
نیڵسۆن ماندێلا، لە جیهاندا بە گشتی و لە باشووری ئەفریقا بەتایبەتی رێزێكی گەورەی لێدەگیرێت و بە باوكی نەتەوە ناسراوە.