وێنە: باڵەخانەی کۆمپانیای گووگڵ
لە لایەن كۆمیسیۆنی ئەوروپاوە
گووگڵ بە پارەیەكی خەیاڵی غەرامە كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەمڕۆ هەینی پێبژاردنێكی (غەرامە) گەورەی بە بڕی 2.95 ملیار یۆرۆ بەسەر کۆمپانیای گووگڵی ئەمریکیدا سەپاند، كە دەكاتە 3.5 ملیار دۆلار.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە گووگڵ یاساکانی کێبڕکێی دادپەروەرانەی لە بازاڕی ئەوروپادا پێشێل کردووە بە پەسەندکردنی خزمەتگوزارییەکانی ریکلامی دیجیتاڵی خۆی بەسەر رکابەرەکانیدا.
ئەمە چوارەم غەرامەیە، کە کۆمیسیۆنەكە بەسەر کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیای ئەمریکی گووگڵدا دەیسەپێنێت لە کەیسەکانی نەهێشتنی قۆرخكاریدا، لە کاتێکیشدایە فشاری رێکخستنی سەر کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا زیاد بووە.
کۆمیسیۆنەکە کە لایەنی جێبەجێکاری یەکێتیی ئەوروپایە و بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی کێبڕکێ لە 27 وڵاتی ئەندامدا، پشتڕاستیکردەوە گووگڵ پراکتیزەکردنی ئیمتیازاتی گرتووەتەبەر، کە زیان بە کۆمپانیا رکابەرەکان دەگەیەنێت و داهێنانەکانی لە بازاڕی ریکلامی دیجیتاڵیدا لاواز دەکات.
جگە لە سزای دارایی، کۆمیسیۆن فەرمانی بە گووگڵ کرد کۆتایی بە پراکتیزە ئیمتیازییەکانی خۆی بهێنێت و هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی بەرژەوەندییەکانی ناو زنجیرەی دابینکردنی تەکنەلۆژیای ریکلامی دیجیتاڵی، کە خزمەتگوزارییەکانی ناوەندگەری رێکلام لەخۆدەگرێت کە کۆمپانیاکان دەتوانن شوێنی رێکلامی ئۆنلاین بکڕن و بفرۆشن.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشتر هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە کاروبارەکانی گووگڵی کردبوو ئەگەر پابەند نەبێت بە یاساکانی کێبڕکێی ئەوروپا، بەڵام پێدەچێت بۆ ئێستا پاشەکشەی لەم بژارەیە کردبێت و پێی باشترە سزای دارایی و رێوشوێنی چاکسازی بسەپێنێت، نەک هەنگاوی توندتر بنێت.
کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی، دیارترینیان گووگڵ، رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی زیاتر دەبنەوە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، کە هەوڵدەدات کاریگەرییە گەشەسەندووەکانیان لە بازاڕە دیجیتاڵییەکاندا سنووردار بکات و ژینگەیەکی کێبڕکێی دادپەروەرانە مسۆگەر بکات.