تەرمێكی سووتاوی رووداوەكەی لالەزار هێشتا لە پزیشکی دادە و بێ خاوەنە

 “ناسینەوەی تەرمەكە زۆر قورس و ئەستەمە”

964+

دیلان محەمەدجەزا

بەڕێوەبەری پزیشكی دادی سلێمانی ئاشكرای كرد، هێشتا تەرمێكی رووداوەكەی لالەزار بێ خاوەنە، ئاشكراشی دەكات تەرمە بە جۆرێك سووتاوە ناسینەوەی ئەستەم و قورسە.

د. بەرزان محەمەدعەلی ئەمڕۆ چوارشەممە 3.9.2025 بە 964ی راگەیاند، تەرمێكی رووداوی شەڕەكەی لالەزار هێشتا لە پزیشكی دادی سلێمانییە و بێ خاوەنە.

وتیشی، چەند كەسێك پرسیاریان لە بارەی تەرمەكەوە كردووە، ئەوانیش رێگە یاساییەكەیان پێڕاگەیاندوون، كە دەبێت پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكەن و دواتر بە بڕیاری دادوەر دەبێت بۆ بینینی تەرمەكە بێنە پزیشكی دادی.

هەروەها دەڵێت، ناسینەوەی تەرمەكە زۆر قورس و ئەستەمە و بووە بە پارچەیەك خەڵووز، بەڵام بەپێی پشكنینەكانی ئەوان كەسەكە تەمەنی 25 ساڵ بەسەرەوەیە.

بەرەبەیانی 22.8.2025 هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی یەكێتی لە سلێمانی، هێرشیان كردە سەر هوتێل لەلازار لە گەڕەكی سەرچنار و تا بەرەبەیان لەگەڵ هێزەكانی دووپشكی سەر بە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، شەڕێكی قورس روویدا و دواتر شەڕەكە بە دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێیەكانی و ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكەی كۆتایی هات، كە هاوكات ژمارەیەك كوژرا و برینداریشی لێكەوتەوە.