پێنج كاتژمێر ده‌خایه‌نێت
یه‌كشه‌ممه مانگگیران رووده‌دات
964+
ده‌شتی عارف – هه‌ولێر
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی هەفتەی داهاتوو بۆ ماوه‌ی پێنج كاتژمێر مانگگیران رووده‌دات و مانگ به‌ته‌واوی ده‌گیرێت، به‌ڵام هیچ زیانێكی نییه بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ و ته‌نیا رووداوێكی ئاسایی سروشتییه.
ئه‌ژی چه‌تۆ سه‌رۆكی رێكخراوی فه‌له‌كناسی كوردستان به 964ـی وت، “به‌پێی لێكۆلینه‌وه‌كان و بینینی مانگ بێت، رۆژی یه‌كشه‌ممه مانگ ده‌كه‌وێته به‌ر سێبه‌ری زه‌وی و مانگگیران له كاتژمێر 7:21 خولەكی شەو، ده‌ستپێده‌كات، كاتژمێر 9:11 خوله‌ك مانگ به‌ته‌واوی ده‌گیرێت و كاتژمێر 11:55 خوله‌ك مانگگیرانه‌كه كۆتایی دێت”.
وتیشی، “له‌هه‌موو ئه‌و وڵاتانه ده‌بینرێت كه شه‌وه، واتە وڵاتانی كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌فریقا و ئوسترالیا.
سێ جۆر مانگگیران هه‌یه، یه‌كه‌م مانگگیرانی ته‌واو، ئەو کاتە روودەدا کە مانگ بە تەواوی بێتە نێوە تاریکایی زەوی و به‌مه‌ش هه‌موو مانگ ده‌گیرێت.
جۆری دووه‌میش گیرانی به‌شێكی مانگه، لەو کاتە روودەدا ئەگەر بێت و مانگ بکەوێتە بەشێکی تاریکایی زەوی، ئەو کاتەش مانگ بەشێکی دەگیرێت.
جۆری سییه‌میش، مانگگیرانی شێوەی تاریکییه، لەو کاتەی مانگ نزیک دەبێتەوە لە تاریکی زەوی ئەو کاتەش مانگ ناگیڕی، تەنیا کەمێک تاریکی بەسەردا روودەدا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری