وێنەی شەماڵی کەبابچی و ئازاد مستەفا - وێنە: پێگەی بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە
پەیام بۆ کەبابچییەکە دەنێرێ
ئازاد مستەفا دوای سوڵحەکە: نانەچەورەیەکی خۆشی هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
دوای تەفاهوم و سوڵحەکەیان، لە بەرامبەر ئامادەکردنی ژەمە کەباب بۆ 100 ژینگەپارێز، دکتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە، رێنمایی بە خەڵک دەدات بچنە بیارە و نانەچەورە خۆشەکەی وەستا شەماڵی کەبابچی بخۆن.
ئەو ئەمڕۆ سێشەممە 2.9.2025، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ وەستا شەماڵی کەبابچی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، وەستا شەماڵ خاوەنی كەبابخانەیەكی گەشتیاریی جوانە لە گوندە گەشتیارییەكەی ناحیەی بیارە، كەبابێكی خۆش و نانە چەورە(نانە چەربەیەكی) خۆشی هەیە، رێنمایی خەڵك دەكەم سەردانی بكەن.
لەماوەى رابردوو، خاوەنى یەکێک لە کەبابخانەکانى بیارە، لێدوانێکى لە دژى بەڕێوەبەرى تەندروستیى هەڵەبجە داوە، جەنابى بەڕێوەبەریش چووە سکاڵاى تۆمار کردووە، دواتر هەردولا تەفاهومیان کردووە، بەڕێوەبەرى تەندروستیى هەڵەبجە وتوویەتى لە جیاتى سزاى دارایى و زیندانى، داوا دەکەم 30 نەفەر کەباب ئامادە بکەیت و دەعوەتى ژینگە پارێزانى پێبکەیت، خاوەنى کەبابخانەکەش وتویەتى جا 30 نەفەر چییە، 100 نەفەر کەباب ئامادە دەکەم، با هەموو ژینگەپارێزانى سنوورەکە لاى خۆم دەعوەت بن.
شەماڵ عیزەت خاوەنى کەبابخانەکە لەبارەى سوڵحەکەوە بە 964ـى وت، مرۆڤ هەڵە دەکات، بەڵام خۆشە هەڵەکان بە ئاشتى و خۆشەویستییەوە کۆتاییان بێت.
داواش دەکات، ئەمە بکرێتە کولتورێک، لە جیاتى ئەوەى کێشە و موشکیلەکان بە رق و کینە کۆتاییان بێت، بە دەعوەتێکى خەڵکانى ژینگەپارێز و کۆتاییان بێت و هەمووانیش بەم شێوەیە براوە دەبن.