داوا دەکەن بڕوانامەکانیان بۆ هەژمار بکرێت
فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی باکوور گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ژمارەیەک فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور لە بەردەم ئیدارەی کۆمپانیاکەیان لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک گردبوونەوە و داوا دەکەن بڕوانامەکانیان بۆ هەژماربکرێت و هاوتای فەرانبەرانی کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت بکرێت، کە وزیری نەوت بە نوسراوی فەرمی بڕیاری لەسەر داوە.
فەرمان یوسف، فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکور بە 964ـی وت، ژمارەمان هەزار و 200 فەرمانبەرە لە کەرکوک، بە بڕوانامەی دبلۆم دامەزراوین و دواتر زانکۆمان تەواو کردووە و ئێستا هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرین، داواکارین بڕوانامەکانمان بۆ هەژماربکرێت، بەڵام ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی باکوور نوسراوەکانمان دەگەڕێنەوە بۆ وەزارەت بۆ ئەوەی لەوێ رەزامەندی لەسەر دەربـبڕێت لە کاتێکدا وەزیری نەوت بە روونی رایگەیاندووە، کە بروانامەکانمان بۆ هەژمار بکرێت و فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی ناوڕاست و باشوور بۆیان هەژمارکراوە.
محەمەد یوسف یەکێکی دیکەیە لە فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە بۆ 964 وتی، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی دەنگمان بگات بزانین بۆچی بڕوانامەکانی ئێمە هەژمارناکرێت، بەندە شەشە ساڵ خزمەتی هەیە فەرمانبەری دیکەشمان هەیە 10 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەیە دواتر ئێمە لە رێگەی وەزارەتەوە دامەزراوین.
سەبارەت بەم پرسە پەیامنێری 964 پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە کرد و سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی کۆمپانیای نەوتی باکوور پێی وت، ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و پەیوەندی بە وەزارەتەوە هەیە ئێمە هیچمان پێناکرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر