لە 10 شوێنی جیاواز
کامێراکانی ئیدارەی سۆران کەوتنە کار
964+
ئاکام غەفور- سۆران
لە 10 شوێنی جیاوازی ئیدارەی سۆران کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی شۆفێران کەوتنە کار و بۆ یەکەم جاریش رێگایەکی ئیدارەکە دەبێتە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ.
کامێرەکان ئەمڕۆ دووشەممە 1.9.2025 کەوتنە کار و جووتسایدی سپیلک – خەلیفان کراوە بە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، خێرایی رێگەپێدراوە لەم شەقامە 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.
جگە لەوە لە پێنج شوێنی دیکەی ئیدارەکە کامێرەی جێگیر دانراوە کە خێرایی رێگاپێدراو 80 کیلۆمەترە، کامێراکان لە هەر یەک لە؛ جووتسایدی گشتی سۆران لە نزیکی نەخۆشخانەی ئاشتی، رێگەی سۆران بۆ گوندی خەلکان لە نزیکی پاڕکی گوڵان، رێگەی کاولۆکان – جوندیان، رێگەی نێوان سۆران بۆ مێرگەسۆر لە گوندی ناومێرگان و رێگای بلێ بۆ رێزانن.
چوار کامێرەی تریش دانراون، هەر شۆفێرێک بە خێرایی زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لێبخوڕێت تۆماری دەکات، کامێراکان دەکەونە، جووتسایدی دەروازەی خەلیفان بۆ ناو بازاڕ، جووتسایدی زانکۆ بۆ بینای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە دێلزیان، لەگەڵ گەڕەکی کانی لە سەنتەری سۆران و ترافیکلایتی حەریق کە بە رێگەی سۆران – رواندز ناسراوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر