پارتی له‌ كه‌ركوك چاوه‌ڕێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌

964+
كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك، چاوەڕوانی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان، ئەنجومەنی سیاسیی عەرەبیش دژی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ن.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ عێراق و سەركەوتنی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، پێشار سودانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتنیان له‌سەر كارنامەیەك كردووه‌، كه‌ چه‌ند خاڵێكی تێدایه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركوك، كه‌ لە دوای رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبەره‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر ده‌ستی دەزگا سەربازی و ئەمنییه‌كانی عێراق، ئێستاش پارتی چاوەڕوانە سەرۆك وەزیران رێكەوتنەكه‌ جێبه‌جێ بكات.

مەسعود مەلاپەروێز بەرپرسی پەیوەندییه‌كانی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركوك، بە تۆڕی 964ی وت “یەكێك لە مەرجەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، ئەوە بوو دەبێت بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك رادەست بكرێنه‌وه‌، له‌وانه‌ ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیان لە گەڕەكی شۆراو، كە ئێستا بووەته‌ بارەگای پێشكەوتووی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و هەروەها بارەگای لقی سێی پارتی و بارەگاكانی دیكەی حزبەكە له‌ كه‌ركوك، هەروەها ئاساییكردنەوەی باری شاری كەركوك و دەركردنی هێزە سەربازییه‌كان، ئێستاش چاوەڕوانین سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی مەرجەكانی ئێمە لە كارنامەكەیدا جێبەجێ بكات”.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئه‌نجومه‌نی سیاسیی عه‌ره‌بی ناڕه‌زاییه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆر ده‌كه‌ن.

عەزام حەمدانی، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی یەكگرتوو، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی 964 وتی “چۆڵكردنی بارەگای پێشكەووتوی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و رادەستكردنی بە پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێتە پێشینەیەكی ترسناك و پڕ مەترسی بۆ شارەكە، هەروەها دەبێتە هۆی تێكدانی باری ئەمنی شارەكە، كە لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوه‌ و سەپاندنی یاسا و سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە”.

وتیشی “داواكارین كەركوك لە رێكەوتنە سیاسییه‌كانی نێوان هەرێم و بەغدا به‌ دوور بگرن، لێرەشه‌وە رایدەگەیەنین ئه‌گەر سەرۆك وەزیرانی عێراق سوور بێت لەسەر رادەستكردنی بارەگای پێشكەوتوی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە پارتی، ئێمە سكاڵای یاسایی دژی سەرۆك وەزیران و پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمار دەكەین و هەروەها شەقام دەجوڵێنین و خۆپیشاندان دەكەین و مان ده‌گرین و خێمە لە بەردم بارەگاكه‌ هه‌ڵده‌ده‌ین”.

عەزام حەمدانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لارییان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ كه‌ركوك نییە، بەو مەرجەی بە شێوەیەكی دیموكراتی كاری سیاسی خۆیان بكەن و دەستوه‌ردان لە دۆسیه‌ی ئەمنیدا نەكەن.

بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێتە گەڕەكی شۆراو لە باكووری كه‌ركوك، لەسەر رێگه‌ی هەولێره‌، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی دروستی كردووە، تا 16 ئۆكتۆبەری‌ 2017 پارتی دیموكراتی كوردستان چالاكییە سیاسییه‌كانی لەو بارەگایەدا ئەنجامدەدا و لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە كراوه‌ بە بارەگای پێشكەوتووی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

لە سەردەمی مستەفا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، چەند جارێك بڕیاری چۆڵكردنی باره‌گاكه‌ و راده‌ستكردنه‌وه‌ی به‌ پارتی درا، بەڵام جێبەجێ نەكرا، بەهۆی ئەوەی عەرەب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك دژی بڕیاره‌كه‌ بوون، دوو جاریش مانگرتن و خۆپێشاندانیان لە بەردەم باره‌گاكه‌ ئەنجامدا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا