لە باپیریانەوە بۆیان ماوەتەوە
کەبابخانەی مەدحەت لە هەولێری پایتەخت بە تامی سلێمانی
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
کەبابخانەی مەدحەت یەکێکە لە کەبابخانە کۆن و بەناوبانگەکانی سلێمانی، ئێستاش دوو لقی لە شاری هەولێر کردووەتەوە و کەبابە بەتامەکەی سلێمانیان هێناوەتە پایتەخت.
ئومێد هیوا کەبابچی، سەرپەرشتیاری کەبابخانەکە بە 964ـی وت، “بەپێویستمان زانی لەهەولێریش کەبابەکەمان هەبێت و خۆشەویستیمان بۆ هەولێر وایکرد بێینە ئێرە و بە هەمان تام و بۆن و شێواز، کەباب پێشکەشی خەڵکی هەولێر و میوانان بکەین”.
“ئێستا خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن و کاتێک تامی کەبابەکەمان دەکەن بەدڵیانە، خەڵک هەبووە لە فڕؤکەخانەی هەولێر دابەزیوە پێش ئەوەی بچێتەوە سلێمانی، هاتووەتە ئێرە، نانی خواردووە و ئینجا چووەتەوە سلێمانی”، وەستا ئومێد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکردم هەر شیشێک کەبابیان 150 بۆ 160 گرام گۆشتی پێوەیە و هەر وەک سلێمانی و هەموو لقەکانیان بە پێنج هەزار دینار دەیفرۆشن.
کەبابخانەی مەدحەت لە ساڵی 1936 لە شاری سلێمانی کراوەتەوە و ئێستاش لە سلێمانی خاوەنی دوو لقن، لە هەولێریش دوو لقیان کردووتەوە و باوک و کوڕ بەیەکەوە کەبابخانەکە بەڕێوەدەبەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری