نوسینگەیەکی کۆمپانیای کۆڕەک لە هەرێمی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
سزاکە لانەچووە
هێشتا پەیوەندی کۆڕەک ناچێ بۆ ئاسیاسیڵ و زەین
964+
ئەحمەد مستەفا
نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ، حەوت ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کۆڕەک تێلێکۆم، ناتوانن پەیوەندی بە هێڵەکانی ئاسیاسێڵ و زەین بکەن، دەنگوباست گەرم بوو ئەم بەرەبەیانییە پەیوەندی کردنەکان ئاسایی ببێتەوە، کەچی وا دەرنەچوو.
هەر راگرتنی پەیوەندی نا، مانگی شوباتی ئەمساڵیش بەکارهێنانی ئینتەرنێتەکەی راگیرا.
ئەمڕۆ هەینی 29.8.2025، فاتمە مەحمود، بەکارهێنەرێکی هێڵی کۆڕەکە ئەو بە 964ی وت، ئەم بەیانییە پەیوەندی کردووە، بە ژمارەیەکی هێڵی ئاسیاسێڵ، بەڵام پەیوەنییدکە نەگوازراوەتەوە هێشتا سزاکەی کۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەنییەکانی لەسەرە، ئێستاش ئەگەر هێڵی ئینتەرنێت نەبێ، بەشێکی زۆری پەیوەندییەکانمان ناتوانین ئەنجام بەین.
لەبارەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ هێڵەکانی دیکە، پێشتر، دەستەی کارگێڕی کۆڕەک تێلێکۆم بە 964ـی وت، ئێمە هێشتا لە دانووستانی بەردەوامداین لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمیمان نییە.
دەستەی کارگێڕی کۆمپانیەکە ئەوەشیان وت، ئەوەی بە ناوی کۆڕەکەوە قسەی کردووە، بەڕاستی ئاگاداری وردەکارییەکان نییە، ئومێدەوارین بتوانین بە زووترین کات ئەم کێشەیە بۆ بەشداربووانمان چارەسەر بکەین.
کێشەکە چییە؟
بەپێی نوسراوێکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە رۆژی، 1.11.2023، بە ژمارە 2/ر/1/160675، بە ناونیشانی “پچڕانی پەیوەندیی ناوخۆیی” دەکراوە و ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵی کردووە، داوایان لێدەکات بەپێی فەرمانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004ـی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی ناوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن.
کۆمیسیۆنەکە هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم دراوە لە رۆژی 30.8.2022ـەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایە وەڵامدانەوەی بۆ بڕیارەکانی دادگش کە لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەو ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییانە نەبووە، کە لە کۆمیسیۆنەکەمانەوە دەرچووە، هەروەها جددی نەبووە لە دانەوەی ئەو بڕە پارەی زۆرەی کەوتووەتە ئەستۆی.