پڕۆژەی گردی سپی لە بەرزاییەكانی زاخۆ
ئیدارەی پرۆژەکە: "با موشتەرییەکانمان کەم بن کێشەمان نییە"
پڕۆژەیەكی گەشتیاری نرخی چوونەژوورەوەی دوو هێندە گران كردووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
چوار مانگ دەبێت پرۆژەی گەشتیاری گوندی سپی لەسەر گرد و چیاکانی زاخۆ بەرووی گەشتیاراندا کرایەوە، شوێنێکی بەرز و فێنکە و بەهۆی کەشوهەوای گونجاوی شوێنەکە لەم کوتاییەدا خەڵک و گەشتیاران بەلێشاو روو لە شوێنەکە دەکەن، دوای ئەمەش ئیدارەی پرۆژەکە بلیتی چوونە ژوورەوەی بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لە پێنج هەزار دینارەوە کرد بە 10 هەزار دینار.
پرۆژەکە لەسەر موڵكی گشتی بە مەبەستی وەبەرهێنان لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە دروستکراوە.
هیچ خزمەتگوزاریێکی ناو پرۆژەکە بێبەرامبەر نییە، تەنیا دانیشتن لەسەر کورسی و مێز لەناو باخچەکەدا نەبێت، كە بێ بەرامبەرە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی لای هاوڵاتیان و بە ئیستیغلالکردنی ناودەبەن.
جاسم سەبری، چالاکوانێکی دیاری زاخۆیە، بە 964ی وت، شوێنەکە موڵکی گشتییە و لەسەر بەرزاییەکانی ئەم گردانە دروستکراون، کە هی خەڵکن، زیادکردنی نرخ بێ پێشکەشکردنی هیچ خزمەتگوزارییەک تەنیا سەپاندنی چینایەتیە و هیچیتر نا”.
لای خویەوە ئیدارەی پرۆژەکەش بە 964یان راگەیاند، لەم چوار مانگەی رابردوودا بۆمان دەرکەوت زەرەرمەندین، قەرەباڵغی و مەزاختنێکی زۆر بەرامبەر قازانج و داهاتێکی کەم، بۆیە ئەم هەنگاوەمان نا و لە جیاتی هاتنی 400 بۆ 500 ئۆتۆمبێل، با 200 ئۆتۆمبێل بێن بۆمان باشترە.
وتیشیان، شوقە و ڤێللاش لەناو پرۆژەکەماندا هەیە، رۆژی وا هەبوو گەشتیاری بیانی شوێنێک بۆ پارکكردنی ئۆتۆمبێلەکەی بەرنەدەکەوت، بۆیە گرانمان کرد، بۆ ئەوەی بارە قورسەکەی سەر شانمان کەمتر بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا