هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. وێنە: راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق
لە پەرلەمانی عێراق
ژنهێنان و شوکردنی خوار تەمەن 18 ساڵ بە یاسایی کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
پەرلەمان عێراق، دەنگی لەسەر “بڕگەکانی شەریعەتی فیقهی جەعفەری” بۆ هەموای یاسای باری کەسێتی دا لە عێراق، بە گوێرەی هەموارەکە، هاوسەرگیری کچان و کوڕانی خوار تەمەن 18 ساڵ، بەیاسایی کرا.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەڕلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 27.8.2025 بڵاویکردەوە، پەڕلەمان کۆبوویەوە و بە زۆرینەی دەنگ هەموارەکەی پەسەندکرد، کە یاساکە بەندەکانی شەریعەتی فقیهی جەعفەری بۆ یاسای باری کەسێتی تێدا جێگیر کراوە، کە خواستی پەیڕەوانی شیعە مەزهەب بوو.
یاساکە لە کۆمەڵێک ماددە و بڕگەی جیاواز پێکهاتووە، بەڵام ئەوەی زیاتر مشتومڕ و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە بابەتی هاوسەرگیریی بوو کە بەپێی هەمواری یاساکە، رێگا بە کوڕان و کچانی بچووک دەدرێت کە هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن و بە “بالغبوون” ناوی هاتووە، ئەوە لە حاڵێکدا، لەرووی زانستی پزیشکی تەمەنی بالغبوونی کچان بە تەمەنی نۆ ساڵی و کوڕانیش بە تەمەنی 15 ساڵی دانراوە.
هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە و زیادکردنی برگەی سێ:
– دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
– هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکەش بکات.
– ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
– دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
– تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
– ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، “دادگای باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسەند دەکرێن”.