دیمەنێك لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە
هێڵی گەرم لە هەولێر
ئەگەر گەندەڵییت بینی پەیوەندی بە 1015 بكە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هێڵی گەرمی پەیوەندیكردن بۆ بابەتی گەندەڵی دەكەوێتەكار و تابلۆی تایبەتییش لە فەرمانگەكانی حكومەت دادەنرێن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ سێشەممە 26.8.2025 هەریەكە لە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان د. ئەحمەد ئەنوەر، سەبارەت بە دانانى تابلۆی هێڵی گەرمی دەستپاكی ژمارە 1015 لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر قسەیان كرد.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، دانانی هێڵی گەرم و تابلۆی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەشێكە لە جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەرێم.
وتیشی، ئەو بەرنامەیە بۆ هاوڵاتییانە، كە سكاڵای خۆیان بكەن و هەر دیاردەیەكی گەندەڵییان بینی، راستەوخۆ پەیوەندی بكەن، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بكرێ و رێگری لێ بكرێت.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان د. ئەحمەد ئەنوەر وتی، بابەتی هێڵی گەرم دەمێكە هەیە، بەڵام لە ماوەی رابردوو لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، كە بە یوئێن دی پی ناسراوە توانرا 300 تا 350 تابلۆ دابین بكرێت، كە لەو ژمارەیە نزیكەی 150 تابلۆ بۆ هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، تابلۆكان لە فەرمانگەكان دادەنرێت و بە تایبەتی ئەوانەی كە خزمەتگوزاری زۆر پێشكەش دەكەن و هاوڵاتیان رۆژانە سەردانیان دەكەن.
هەروەها بەرنامەكە هێڵی گەرمی (كۆڵ سەنتەر)ی دەبێت و 24 سەعات كار دەكات، هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بكەن بۆ بینینی هەر دیاردەیەكی گەندەڵی.
“گلەیی لەسەر كارەكانی ئێمەش هەیە و بێ كەموكوڕی نین، بەڵام لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی” د.ئەحمەد ئەنوەر وای وت.
لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە، بوونی دەزگاكانی چاودێری گرنگن، بە تایبەتی لە چوارچێوەی یاسادا، وتیشی، “ئەمە هەنگاوی یەكەمە و هەنگاوی داهاتوو لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت بە هاوكاری لەگەڵ فەرمانگە و ئیدارەی ئەو شوێنانە”.