ئەمڕۆ لە جنێف کۆبوونەوە هەیە

عێراق دەیەوێت ئێران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە سعودیە یەكتریان بینی و بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، قسەیان لەسەر ئەوە كردووە ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا لە بارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن لە جەددە لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی كۆبووەتەوە.

بە قسەی راگەیاندراوەكە، باس لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات كراوە، هەروەها لەوەیان كۆڵیوەتەوە ئەگەرێك هەبێت بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا لە بارەی پرسی ئەتۆمیی ئێران، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بەدیهێنانی سەقامگیری.

ئەمە لە كاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە ژنێف گفتوگۆی ئێران لە بارەی توانا ئەتۆمییەكانی و هەڵگرتنی سزاكانی سەری، لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەبچێت.

پێش شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران لە 13 تا 25ی حوزەیرانی 2025، گفتوگۆیەكانی ئێران لەگەڵ ئەمریكا وەستاوە، سەبارەت بە سنوورداركردنی توانا ئەتۆمییەكانی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی سەری.

هەینیی رابردووش خولی دووەمی گفتوگۆیەكانی ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا بەڕێوەچوو، هاوكات بڕیارە ئەم هەفتەیە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بچنە ئەمریكا و لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بكەن، بۆ دۆزینەوەی چارەیەك، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبووەنەوەی وادەی ئەو مۆڵەتەی بە ئێران دراوە بۆ هاوكاریكردنی تیمەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، كە تا كۆتایی ئەم مانگەیە و بە پێچەوانەوە سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت و دوور نییە جارێكی دیكەش هێرشی بكرێتەسەر.

ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم دووەم كۆبوونەوەیان كرد

ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم دووەم كۆبوونەوەیان كرد