شوێنە مەترسیدارەكانیشتان بۆ دەخەینەڕوو

كاروباری مین ئاماری قوربانیانی ئەمساڵ بۆ 964 ئاشكرا دەكات

964+

محەمەد فاتیح

سەرەڕای پاكردنەوەی رووبەرێكی زۆر لە مین و پاشماوە جەنگییەكان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەڵام مەترسییەكانی هەر بەردەوامە، بە قسەی دەزگای گشتیی مینیش ئەمساڵ رێژەی قوربانیان لە هەرێم بە رووداوەكانی مین زیادی كردووە.

ئەمساڵ 25 هاوڵاتی بوونەتە قوربانی

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، تایبەت بۆ 964 قسەی كرد و ئەوەی خستەڕوو، كە تائێستاش مین و پاشماوەی جەنگی مەترسییەكی جدییە لەسەر گیان و ژیانی هاوڵاتییان و ئەمساڵ ساڵی 2025، رێژەی قوربانیان لە هەرێمی كوردستان، بە رووداوی مین زۆر زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی رابردوو،  كە تائێستا 25 هاوڵاتی بوونەتە قوربانی رووداوەكانی مین لە هەرێمی كوردستان.

65%ـی خاكی كوردستان پاككراوەتەوە

وتيشى، لە ساڵی 1992وە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە بیانییەكانەوە، دەستكراوە بە پاككردنەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و تاوەكو ئێستاش پڕۆسەی پاكسازی مین لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و لە ساڵی 2004 ئامارێك كرابوو كە 776 كیلۆمەتری چوارگۆشە مینڕێژكراوە و تائێستاش كاری لەسەر دەكرێت و سەرووی 200 كیلۆمەتر ماوە پاكبكرێتەوە و لەئێستادا 65%ـی خاكی هەرێمی كوردستانمان پاككردووەتەوە، ئەو سەرو 200 كیلۆمەترەی كە ماوە، دابەشبووە بەسەر زاخۆ و و دهۆك و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە.

بەپێی زانیارییەكانی جەبار مستەفا:

-60% ئەو شوێنانەی بە مین و پاشماوەكان پیسكراون، دەكەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە.

-ئەو شوێنانەی كە زۆر مەترسین لەسەر گیان و ژیانی هاوڵاتییان، قەزای پێنجوین و قەزای چۆمان و سیدەكان و ئامێدییە.

-ساڵانە لەو قەزا و ناوچە و شوێنە سنوورییانە خەڵك دەبێتە قوربانی.

-هۆكاری یەكەمی قوربانییەكان ئەوەیە، كە هاوڵاتییانی سڤیل گوێ‌ بە رێنماییەكان و ئامۆژگارییەكانی دەزگای گشتی مین نادەن.

-لە سنوری هەموو پارێزگاكاندا تیمی هۆشیاریمان هەیە و خەڵك هۆشیار دەكەنەوە و سەردانی ناوچە سنوورییەكان دەكەن.

-خەڵك بەتایبەتی لە مانگەكانی 2 و 3 و 4 و 5، بۆ پەیداكردنی كژووگیای بەهارە تەجاوزی ناوچە سنورییەكان و ناوچە مینڕێژكراوەكان دەكەن و توشی رووداوی نەخوازراوو دڵتەزێن دەبن.

داعش بەشێوەیەكی جیاواز هەرێمی پیسكردووە

وەك جەبار مستەفا دەگێڕێتەوە، سەرەتای پیسبوونی خاكی هەرێمی كوردستان بە مین و پاشماوە جەنگییەكان، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەكان و بەسێ‌ قۆناغ خاكی هەرێمی كوردستان پیس كراوە، قۆناغی یەكەم،  لەلایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە دژ بە جوڵەكانی رزگاریخوازانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووه.

قوناغی دووەم، لە رێگای جەنگی هەشت ساڵەی عێراق ئێرانەوه، كە بەشێكی زۆر لەخاكی هەرێمی كوردستان بوو بە بەشێك لەو جەنگە .

قۆناغی سێهەم، هاتن و پەیدابوونی داعشەكان بوو، كە بە تەكنیكێكی جیاواز بۆمب و تەقینەوەیان چاندووە و خاكی هەرێمی كوردستانیان پێس كرد.

"ئەو شوێنانەی لەلایەن پەكەكە و سوپای توركیاوە جێدەهێڵرێن دەبێت پاكبكرێنەوە"