نهێنییەکان بپارێزن
هەڵمەتی “شکۆپارێزی” بۆ پاراستنی نهێنی و چیرۆکی نەخۆشان راگەیەندرا
964+
وریا فەتاح
ناوە ناوە چیرۆک و نهێنى کەسى نەخۆش (چارەویست)ان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، ئەمە چالاکوانان و رێکخراوەکانى نیگەران کردووە، هەربۆیە کەمپەینێکى هۆشیاریان بەناوی “شکۆپارێزی” دژی ئاشکراکردنی چیرۆک و نهێنی کەسیی تاکەکان لە میدیا و سۆشیال میدیاوە دەستیپێکرد.
هەڵمەتەکە داوا لە پیشەکاران، میدیاکاران، و رای گشتی دەکات کە پابەندی بنەما ئەخلاقی و یاساییەکانی پاراستنی شکۆی مرۆڤ و چارەویستان بن.
کەمپەینەکە لەلایەن ژمارەیەک چالاکوان و 10 رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنییەوە پشتیوانى لێدەکرێت، پەیامەکەیان جەخت لەوە دەکاتەوە کە باسکردنی نهێنی چارەویستان لەلایەن پیشەکارانەوە، بەتایبەت لە بواری تەندروستی، دەروونی و یاساییدا، کارێکی نائەخلاقی، نایاسایی و نازانستییە، کە زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتییە، هاندانی پیشەکارانە بۆ پابەندبوون بە ئاکاری پیشەیی، و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیانە لە مافی خۆیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی هەرکەسێک کە نهێنییەکانیان ئاشکرا دەکات.
بانگەوازی هەڵمەتەکە داوای پشتیوانیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە سەندیکاکان و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان دەکات، بۆ وەستاندنی ئەم “شەپۆلی بێڕێزیکردنە” و پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگە.
