وێستگەى ئەتۆمیی فۆردۆ لە ئێران
گەیشتن بە كوێ؟
ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم دووەم كۆبوونەوەیان كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دووەمین خولی گفتوگۆییەكانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو، نوێنەری ئێرانیش دەڵێت، پێشكەوتن بەدەستهاتووە.
كۆبوونەوەكە ئێوارەی دوێنێ هەینی لە ڤیەننا بەڕێوەچوو، رەزا نەجەفی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە میدیاكانی رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی درێژەدان بەو دانوستانانەیی بەم دواییە لە تاران بەڕێوەچوو، لەگەڵ ماسیمۆ ئاپارۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کۆبووەوە.
وتیشی، “گفتوگۆیەكان جەختی لە رێگەكانی مامەڵەی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كردەوە، لە ژێر رۆشنایی “هێرشە نایاساییەکان” کە ئەمریكا و ئیسرائیل كردییانە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە “ئاشتیخوازەکانی ئێران”، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیە بوو، کە لە لایەن مەجلیسی شورای ئیسلامییەوە دەرچووە”.
نەجەفی ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا لەم خولەی گفتوگۆیەكاندا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، رێککەوتنیش لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ و راگۆڕینەوە كراوە، بۆ پەرەپێدانی میکانیزمێک بە مەبەستی هاوکاری نێوان هەردوولا.
ئەمریكا و ئیسرائیل فشار دەكەن ئێران هاوكاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بكات، بۆ ئەوەی ئاژانسەكە سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەكانی ئێران بكات و زانیاری راست و دروستی هەبێت لەسەر پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم، كە ئێران رێگە بە شارەزایانی ئاژانسەكە نادات بچنە ناو ئێرانەوە.
هاوكات بڕیارە ئەم هەفتەیە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بچنە ئەمریكا و لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بكەن، بۆ دۆزینەوەی چارەیەك، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبووەنەوەی وادەی ئەو مۆڵەتەی بە ئێران دراوە بۆ هاوكاریكردنی تیمەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، كە تا كۆتایی ئەم مانگەیە و بە پێچەوانەوە سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت و دوور نییە جارێكی دیكەش هێرشی بكرێتەسەر.