شانبەشانی گرووپە جیهانییەكان

موزیک و هەڵپەڕکێی كوردی لە جۆرجیا خەڵاتی یەكەم و باشترینەكانیان وەرگرت

964+

محەمەد فاتیح

ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد، لە دوو فێستیڤاڵی هونەریی جیاوازدا لە بواری سەما و هەڵپەڕکێى و میوزیک و گۆرانیدا، لە شاری باتۆمی جۆرجیا، خەڵاتی باشترینەكان و پلەی یەكەمیان بەدەستهێنا.

فێستیڤاڵەکە لە ژێر چاودێریی رێکخراوی سەمای نێودەوڵەتی (CID) بەڕێوەچوو، تێیدا هەردوو گرووپەکە، هونەری کوردییان لە پاڵ گرووپە جیهانییەکانی دیکە پێشکەشکرد.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کوردستان، روونیكردەوە، هونەرمەند “رابەر کوردستانی”، لەگەڵ هەردوو ژەنیار “ئومێد دەبباغی و میحراب قەیتاسی” لە بەشی میوزیک و کۆڕی هەڵپەڕکێی شڵێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەردوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەڵپەڕکێ و میوزیکی “ئەستێرەی دەریای رەش” و “ئێمە جۆرجیامان خۆشدەوێت” بەشداربوون و خەڵاتی باشترین گرووپی سەما و گرووپی میوزیکیان بەدەستهێنا.

كولتووری كوردییان بە جیهان ناساندووە

باسی لەوەش كردووە، کۆڕی هەڵپەڕکێی شڵێوە، بە نمایشکردنی تابلۆی رەسەنی هەڵپەڕکێی کوردی، توانییان پلەی یەکەم و دیپلۆمی شانازی بەدەستبهێنن و هونەرمەند سەید ئەحمەد تەوەکولی، وەک ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵەکە بەشداربوو، هەڵسەنگاندنی بۆ بەرهەمەکان کرد.

رابەر کوردستانی، سەرپەرشتیاری گرووپە میوزیکییەکە، خۆشحاڵیی خۆی بەم دەستکەوتە دەربڕی و دەڵێت، “ئێمە وەک نوێنەری کوردستان بەشداریمان کرد و شانازی دەکەین توانیمان جوانی و دەوڵەمەندیی کولتووری نەتەوەکەمان بە جیهان بناسێنین، ئەم خەڵاتە دیارییەکی بچووکە بۆ گەلی کوردستان”.

دەربارەی رابەر كوردستانی وەك وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بڵاویكردووەتەوە:

-خاوەنی چەند بەرهەمێکە.

-بەم دواییە لەگەڵ دەستەی هەڵپەڕکێی چالاکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوەڕاستی تەمموزی 2022 شەش خەڵاتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر لە ئەرمینیا بەدەستهێنا.

-لە 21ـی تشرینی یەکەمی 2021 لە 14یەمین فێستیڤاڵی میوزیکی هەرێمی ئێران لە شاری کرمانی ئێران بەشداربوو، گۆرانی و حەیرانی ناوچەی موکریانی پێشکەشکرد.

چه‌ند شێوه‌كارێكی كورد به‌شدارى كۆڕبه‌ندى هونەری  ON...

چه‌ند شێوه‌كارێكی كورد به‌شدارى كۆڕبه‌ندى هونەری  ON TOPـى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن