لە شەمامک
یاریگایەک پشتگوێ خراوە و بووەتە لانەی سەگە بێلانەکان
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
یاریگای دووگۆڵی گوندی پیرداود لە ناحیەی شەمامكـی سەربە پارێزگای هەولێر، سەردەمانێک مەڵبەندی كۆبوونەوەی وەرزشدۆستان و یاریزانان بوو، بەڵام دوو ساڵە بێ ناز کەوتووە و بووەتە لانە و شوێنی حەوانەوەی سەگە بێلانەکان.
محەمەد كەیفی کە یاریزانێكی پیشەگەرە و بۆ یانەكانی پیشەسازی و هێرش و مەخموور یاریكردووە، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “یاریگاكە بووەتە شوێنی حەوانەوەی سەگەكان، زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت، مەودای پێنج گوند دەبڕین بۆ ئەوەی بتوانین یاری دووگۆڵی بكەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 250 یاریزانی سنوورەکە بێ یاریگان و بەشێوەیەک لە شێوەکان پشتگوێ خراون.
سەبارەت بەو بابەتە پەیامنێری 964 چەند جارێك پەیوەندی بە كاروان عارف بەڕێوبەری ناحیەی شەمامكـەوە كرد و پەیوەندییەکە بێ وەڵام مایەوە، بەڵام کۆڵی نەدا و داوای یاریزانەكانی بە نامەیەک گەیاندە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، ئەو وەڵامی دایەوە و وتی، “پەیامی ئەو یاریزانانە گەیشت، دەستخۆش .”
ناحیەی شەمامك 10 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە و زیاتر لە 53 گوند لەخۆدەگرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری